میکانیزمێک بۆ بەشداریکردنی کوردانی تاراوگە لە ڕیفراندۆم دادەنرێت

 میکانیزمێک بۆ بەشداریکردنی کوردانی تاراوگە لە ڕیفراندۆم دادەنرێت
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، میکانیزمێک بۆ بەشداریکردنی کوردانی دەرەوەی وڵات دادەنرێت.

ھەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان ،بە کەناڵی کوردستان24ی ڕاگەیاند: "ئێستا قسە لەسەر ڕێوشوێنی ئاسایش و ھەماھەنگی و ئەو بودجەیەی کە پێویستە بخرێتە بەردەست کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم".

لەبارەی دەنگدانی کوردانی تاراوگە، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئەوەشی خستەڕوو: "کوردانی تاراوگە بەپێی یاسا و موکەلەفین، گرنگە کە بەشداری لە پرسەکەدا بکەن، ھەورەھا ئێمە میکانیزم و ئالیات دادەنێین، بۆ ئەوەی کە کەس لەو پڕۆسەیەدا بێ بەش نەبێت، بەڵام ھێشتا میکانیزمەکە دیاری نەکراوە".

جەختیشی لەوە کردەوە: "لە ڕێگای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کورستانەوە نووسراومان بۆ کردوون، بۆ ئەوەی بزانین لە ڕێگای ئەو نوسینگانەی لە دەرەوە ھەیانە تا چەند ھاوکار و ھەماھەنگمان دەبن، بۆ ئەوەی داتاکان کۆبکەینەوە، چونکە ناکرێت لە ھەموو شارێک بنکە بکەینەوە، پێویستە کە ڕێژەی دەنگدەر دیاری کراو بێت بۆ ئەوەی بنکەی دەنگدان بکەینەوە".

ھەندێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵا سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی کوردستان، لەبارەی مەرجەکانی بەشداریکردن و میکانیزمی کەسی دەنگدەر، گوتیشی: "ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن، پێویستە ئەو دیکۆمینتانەی کە دەنگدەر لە ھەرێمی کورستان ھەیەتی، ئەوانیش ھەیان بێت، وەک رەگەزنامە و ناسنامەی عێراقی، ھەرچەندە لەوانەیە ئەوان ئەوەیان لەتوانادا نەبێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو شوێنەی تێیدان، لە پاسەپۆرتەکەیاندا شوێنی نیشتەجێبوونیان نوسراوە، ئەوکات ئێمەش میکانیزمێک دادەنێن".












باسنيوز
Top