پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی: پێویستە پەکەکە رێگا بە رفاندنەوەی ئێزدییەکان نەدات
بەپێی زانیارییەکان، شاندێکی عەشاییری رێکخراوی تیرۆریستی داعش دانوستاندن لەگەڵ یەپەگە دەکات، بۆ رادستکردنی شارەکە بە هەسەدە، بەرامبەر رێگاکردنەوە بۆ چەکدارانی رێکخراوەکە بۆ دەرچوون لە شاری رەققە.
لە بەیاننامەیەکدا، ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە هەسەدە و یەپەگەی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان دەکات، کار بۆ رزگارکردنی کوردە ئێزدییە رفێندراوەکان لە شاری رەققە، بکات.
ڤیان دەخیل هەروەها داوا لە یەپەگە دەکات، دابینکردنی رێڕەوێکی ئارام بۆ کوردە ئێزدییە رفیندراوەکان، کە ئێستا لە رەققە دان، بکاتە مەرجی رێککەوتنەکەی لەگەڵ داعش، نەوەک چەکدارانی داعش لەگەڵ خۆیان دووبارە ئەو ئێزدییانە بڕفێننەوە.
دوای داگیرکاریی داعش لە شاری شنگال لە مانگی ئابی 2014، چەکدارانی ئەو رێکخراوە سەدان ژن و منداڵی ئێزدییان رفاند، کە زۆرینەیان براونەتە شاری رەققە لە باکووری سووریا.
باسنيوز
