وەزیرێکى پێشوى ئیسرائیل داوا لەوڵاتەکەى دەکات پشتگیرى کورد بکەن بۆ سەربەخۆیى
سەئار بە ماڵپەڕی ئورشەلیم پۆستی ڕاگەیاند "پێویستە حکومەتی ئیسرائیل دان بە کوردستاندا بنێت و هەوڵبدات ئەمریکا ڕازى بکات کە ئەوانیش پێشوازی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بکەن".
ناوبراو وتیشی "کورد چەندین دەیەیە سەلماندوویەتی کە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ستراتیژی ئیسرائیلن".
ئاماژەی بەوەکرد، کورد هاوشێوەی جولەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەمینەن و وتیشی هەرچەندە کورد لە باکوری عێراق حوکم دەکەن، بەڵام ئامانجیان سەربەخۆییە.
سەئار ئەوەشى وتووە، بارزانی پێیوایە کە دەتوانێت ڕەزامەندی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە وەربگرێت لەبەرئەوەیە کە ئەو هەنگاوەی ناوە.
دوو مانگ لەمەوبەر ئەو وەزیرەى پێشووى ئیسرائیل لەگەڵ ڕاوێژکارێکی بارزانیدا کۆبووەتەوە و دواتر چەندین بابەتی لەسەر کێشەکانی ناوچەکە و لە نێویشیاندا کورد بڵاوکردووەتەوە.
ڕۆژی ٧ی حوزەیران، جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بگرێتەوە، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێن.
N r t
