كوردانی جوو: یەکدەنگ و یەک هەڵوێست دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەین
لە ڕاگەیەندراوێكی كۆمەڵگەی كوردانی جوو لە كوردستان و ئیسرائیل و تاراوگە و نوێنەرایەتی كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، هاتووە "گەلی كوردستان پاش سەد ساڵ لە بێ وڵاتی و ژێر دەستەیی ئەمڕۆ دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی، كۆمەڵگەی كوردانی جوو بە گەرمییەوە پێشوازی لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات، ئەمڕۆ گەلانی كوردستان خوازیاری ئەوەن جارێكیتر حوكمی ئیستیبداد و دیكتاتۆری بێگانە چیتر فەرمانڕەواییان نەكاتەوە، بۆیە مافێكی ڕەوا و درووستی هەموو گەلانی كوردستانە كە دەنگ بە سەربەخۆیی خۆیان بدەن".
لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئێمەی كوردانی جوو لە كوردستان و ئیسرائیل و تاراوگە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەكەین، چونكە ئایینەكەمان پێمان دەڵێت ئەگەر ئاسمانت موڵكی خۆت نەبێت، ئایین و ئیرادە و زمانەكەشت موڵكی خۆت نابێت، بۆیە پێویستە یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بین لە موڵكدارێتی خاك و ئاو و داهات و ئاسمانەكەمان لە چوارچێوەی كوردستانێكی سەربەخۆدا".
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەشدا ئاماژە بەوە دراوە "بەناوی هەموو كوردانی جوو لە كوردستان و دەرەوە بانگی گەلانی ئازاد و ئایینە ڕەسەنەكانی میزۆپۆتامیا و كەسایەتی و خاوەن پێگە و پایەكان و هەموو لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەین با هەموومان پێكەوە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەین لەپێناو ڕاگرتنی ماڵوێرانی و كۆمەڵكوژی و پاكتاوی ڕەگەزی و داگیركاری و شێواندنی شارستانییەت و مێژوومان".
باسنیوز
