وەزارەتی پەروەردە ڕێنمایی تاقیكردنەوەكانی نیشتمانیی بڵاو كردەوە
لە ڕێنماییەكەدا ، هاتووە "هیچ كتێب و دەفتەر و پەڕاوێك نابرێتە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە و جگەرەكێشان و پۆشینی جلی سەربازی و هەڵگرتنی چەك و هەموو جۆرە ئامێرێك گۆڕینی شوێن و هۆڵ جگە لە شوێن و هۆڵی دیاریكراو قەدەغەیە و ڕێگە بە هاتنە ژوورەوەی قوتابی نادرێت کە بە هەر هۆكارێك لە هۆڵ چووبێتەدەرەوە و پێش نیوەی كاتی دیاریكراویش ڕێگە بە قوتابی نادرێت بچێتە دەرەوە".
بەپێی ڕێنماییەكە "لە كاتی تاقیكردنەوەی نیشتمانی و وەزاریدا هەر ئاوڕدانەوە و قسەكردنێك لەنێو هۆڵ و قسەی نەشیاو و جاڕزكردنی قوتابییەكی تر بۆ وەرگرتنی پێداویستیی نووسین و بەكارهێنانی مۆبایل، یان هەر ئامێرێكی تری گەیاندن و ئەلیكترۆنی لەنێو هۆڵدا و بەكارهێنانی حاسیبە جگە لەو جۆرەی وەزارەتی پەروەردە دابینی كردووە و گرتنی هەر جۆرە گزییەك لە ناوەوە و دەرەوەی هۆڵ بە گزی هەژمار دەكرێت و سزای هەر جۆرە هەوڵێكی نەشیاو، یان ئەنجامدانی ئەو حاڵەتانەی سەرەوە ئەمساڵی خوێندنی قوتابی بە كەوتوو هەژمار دەكرێت".
لە ڕێنماییەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە "بەڕێوەبەر و چاودێر بۆیان نییە هۆڵی تاقیكردنەوەكان بەجێ بهێڵن و خوێندنەوەی پرسیار و قسەكردن لەگەڵ قوتابیان قەدەغە و چاودێر بۆی نییە سەیری پەڕەی سۆمای قوتابی بكات، مەگەر لە كۆتایی و بۆ دڵنیابوون لە جێهێشتنی پرسیار و جگە لەو كەسانەش كە وەزارەتی پەروەردە ڕێگەی پێداون چوونە ناو هۆڵ بۆ هەموو كەس قەدەغەیە".
باسنيوز
