نووسەرێكی كورد ڕەخنە لە مەرجەكانی پێش ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەگرێ
نووسەرێكی ناسراوی كوردستان ڕەخنە لەو ناڕەزاییانە دەگرێ كە لە بەرانبەر پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەرز بووەتەوە و دەڵێ ناشێ لە پێش سەركەوتن و سەربەخۆییدا، مەرج بۆ دۆخی دوای سەركەوتن و سەربەخۆیی دابنرێ.
پشكۆ نەجمەدین نووسەری كورد، لە وتارێكدا بە ناوی (ڕیفرەندۆم و سەربەخۆیی!) كە بۆ (باسنیوز)ی ناردووە، ئاماژەی بەوە داوە كە گەلی عەرەب لە وڵاتی جەزایر، بە هەموو حیزب و گرووپە سیاسییەکانیەوە، ساڵانێک بۆ سەربەخۆیی خەباتیان کرد و ملیۆنێک قوربانییان دا، پێم وا نییە، شتاقیان مەرجێکیان لەمەڕ چۆنیەتی دەسەڵاتی سەربەخۆیی پاش سەرکەوتن، لەسەر بەرەی ڕزگاریی جەزایر دانابێت.
دەشڵێ "سەربەخۆیی گەلێک، زۆر لە پێشمەرجەکانی گرووپ و حیزبە نەیارەکان، گرنگتر و پیرۆزترە".
نەجمەدین ئەوەشی نووسیوە "تۆ، هەر حیزب و گرووپێک هەیت، ئیدە و دیدت بۆ دەسەڵات و سیستەمی سیاسیی ئێستە و پاش سەربەخۆییش هەر چۆن بێت، هەق وایە، ئێستە و بە کردەوە، پشتگیری پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان بکەیت!".
لە كۆتاییدا دەڵێ "سەربەخۆیی کوردستان، ڕێگا بۆ خەبات و تێکۆشان، لە پێناو دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسیی دیموکراسی و عەدالەتری دڵخوازی تۆ و خەڵک، سازتر و بێ گرێوگۆڵتر دەکات!".
بە بڕیارێكی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، رۆژی 25ی ئەیلوولی داهاتوو ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.
bas news-
