ھەرسین: نابێ حەشدی شەعبی بچێتە ئەو ناوچانەی پێشمەرگەی تێدایە

 	 ھەرسین: نابێ حەشدی شەعبی بچێتە ئەو ناوچانەی پێشمەرگەی تێدایە
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، لە ساڵی رابردووەوە بە ئامادەبوونی ئەمەریكا، ھەرێم و بەغدا لەسەر ئەوە رێك كەوتوون كە ھەر ناوچەیەك پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی بكات، نابێت حەشدی شەعبی بچێتە ئەو ناوچەیە و دەشڵێ، عێراق بە ھەندێ رەفتاری نابەرپرسیارانەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی، رازی نییە.

(ئاری ھەرسین)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ساڵی رابردوو رێككەوتنێك لە نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەبارەی پێشڕەوییەكانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەنجام دراوە و، ئەمەریكایش ھەم چاودێر و ھەمیش بەشداری رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا بووە، بە گوێرەی رێككەوتنەكە، ئەو ناوچانەی لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵ كراون، تێیاندا ناكشێنەوە، خاڵێكی دیكەی نێو رێككەوتنەكە بریتییە لەوەی ھەر ناوچەیەك پێشمەرگەی تێدا جێگیر بێت، بۆ ئەوەی خوانەخواستە ھیچ پێكدادانێك دروست نەبێت، نابێت ھێزەكانی حەشدی شەعبی بوونیان لەو ناوچانەدا ھەبێت".

(ھەرسین) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "ئێمە پابەندی بەڵێنەكەی خۆمانین و پێویستە ھەردوولایش پابەند بن، ھەر لایەنێكیش بە رێككەوتنەكەوە پەیوەست نەبێت، كاریگەری لەسەر ناسەقامگیریی ناوچەكە دەبێت، بەڵام من پێشبینی دەكەم حكوومەتی عێراقیش بە ھەندێ رەفتاری حەشدی شەعبی، رازی نەبێ".
kdp-
Top