خەڵكی ناوچە سنوورییەكان بە "بەڵێ" دەنگ بۆ ڕیفراندۆم دەدەن
(زكری شەهاب) كە خەڵكی سنووری سیدەكانی سەر بە شارۆچكەی سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "پاش ئەوەی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دیاری كرا، ئێمە هەموو خەڵكی ناوچەكە بەڵێنمان داوە بە "بەڵێ" دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەین، چونكە بە سەربەخۆیی كوردستان بە هیوا و ئاواتەكانی خۆمان دەگەین، داوایش لە خەڵكی هەموو ناوچەكانی دیكە دەكەم پشتگیریی تەواوی ئەو پرۆسەیە بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان سەر بكەوێت".
(قادر كەریم) پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتخواز لە مێرگەسۆر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "كورد سەدەیەكە خەبات و تێكۆشان لە پێناو ئازادیدا دەكات، چیایەكی كوردستان نەماوە كە گەلی كورد بۆ ئەوەی بە سەربەستی بژیت، شەڕی تێدا نەكردبێت و شەهیدی نەدابێت، ئەو هەموو شەڕ و قوربانیدانەی ئێمە بۆ ئەوە بوو بە سەربەخۆیی بژین، ئێستا كە رۆژەكە دیاری كراوە، وا هەست دەكەین بەری ڕەنج و خەباتی خۆمان دەچنینەوە".
(مەحموود لەزگین)ـی مامۆستا و خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دەبووایە زووتر ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام درابایە، بەڵام ئێستایش كە كاتەكە دیاری كراوە، شتێكی باشە و بە ئۆمێدەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە دەكەین، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان دەست لەناو دەستی یەكدی بنێن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە سەر بگرێت و خەڵكی كوردستان بە مافە ڕەواكانی خۆیان بگەن".
(عەبدوڵڵا حاجی)ـیش كە خەڵكی دەڤەری باڵەكایەتییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا، "باڵەكایەتی لانكەی شۆڕش و بەرخودان بووە، بە دەیان داستان و نەبەردی لە ناوچەكە تۆمار كراون و بە دەیان شەهیدمان داوە بۆ ئەوەی رۆژێك لە رۆژان وەكو هەموو گەلانی جیهان ئازادانە بژین، ئێستا كە دەبینین خەونەكەمان وا دێتە دی، خۆشحاڵین و دەبێت ئێمە خەڵكی دیكە هان بدەین بۆ ئەوەی ئەوانیش بزانن گەلی كورد چ قوربانییەكی داوە تا بەو رۆژە گەییشتووە، بۆیە دەبێت هەموومان بە "بەڵێ" دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەین".
kdp-
