"سێ خاڵ وەک بڕیار بۆ دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەسوکاری شەهیدان دەرکران"
(فوئاد عوسمان)، گۆتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە دوای کۆبوونەوەی وەزارەت و لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش سێ بڕیار دەرکران، ئەویش دەربارەی دابەشکردنی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەسوکاری شەھیدانی شەڕی بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، یەکێک لە خاڵەکان داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و پاراستنی ھەرێم کراوە، دواین لیستی ناوی شەھیدان ڕەوانەی وەزارەتی شەھیدان بکەن.''
(فوئاد عوسمان) گوتیشی: ''داوامان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کردووە پەلە بکات لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو خانوو و شوقانەی تەواوبوونە و ئەوانیش کێشەی میزانییەیان ھەبووە، بەڵام دواتر میزانییەش دابین کراوە و ئێستا کاری تێدا دەکرێت، ھەروەھا داوامان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کردووە لەو شوێنانی زەوی نییە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، زەوی دابین بکرێت، کە بووەتە کێشەی دواکەوتنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەسوکاری شەھیدانی داعشدا.''
kdp-
