یەکێتیی پەرلەمانتاران: پێویستە ھەمووان بە یەکەوە ریفراندۆم سەربخەین
سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان، (نیعمەت عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا لەجێی خۆیدایە و پێویستە ھەموو لایەک بە یەکەوە ھەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بدەین و وا لە خەڵکی بکەین بە حەماسەوە بچن بەشداری لەو ڕیفراندۆمەدا بکەن، نەک موزایەدات بکەین و زیان بە پرۆسەکە بگەیەنین، چونکە ئەمە پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە و موڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانە، نەک ھی لایەنێک و کەسانێک.''
(نیعمەت عەبدوڵڵا) گوتیشی: ''پێویستە ھەموو داموزدەگاکانی ھەرێمی کوردستان خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە تەرخان بکەن و خزمەت بەو پرۆسەیە بگەیەنین بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی خۆی، چونکە ئەمە بەرپرسیارەتیی ھەمووانە، نەک وابکەین کێشە بۆ پرۆسەکە دروست بکەین.''
سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''لەسەر ڕاگەیاندنەکانیش پێویستە ڕۆڵێکی ئیجابییان ھەبێت و کارێک نەکەن زیان بە پرۆسەی ڕیفراندۆم بگات و ئەو لێدوانانە بڵاو بکەنەوە کە دژی ئەو پرۆسەیەن، بۆیە پێویستە ھەموو ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەدا بن، کە سوودی بۆ پرۆسەکە ھەبێت.''
kdp-
