د.ڕۆژ نووری شاوێس: ئامادەین لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ کۆببینەوە
د. رۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بە کەناڵی کوردستان 24 راگەیاند: "کۆمیتەیەک سەرپەرشتیی ھەموو کاروباری ڕیفراندۆم دەکات و پێویستییەکانی دابین دەکات، لە دوا کۆبوونەوەدا بڕیار بوو کە ١٢ی مانگ ناوەکانی ئەندامانی کۆمیتەکە دەستنیشان بکرێت، ھێشتا ئاشکرا نییە لای من کە کێ ناوەکانی دیاری کردووە، ئەو پرسە لای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانە.".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەو کۆمیتەیە، لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە ڕۆڵێکی باڵا دەبینێت، دوای دیراسەکردن ھەرچی پێویست بێت دەیکات".
ئەوەشی روون کردەوە: "لەگەڵ یەکێتی ئامادەین و داواشمان کردووە کە بە زووترین کات کۆبوونەوە بکرێت، جگەلەوەش ئێمە لەگەڵ ھیچ لایەنێک کێشەمان نییە و لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش ئامادەین کۆببینەوە و پێویستە ھەموو لایەک بەشدار بێت لەو کۆبوونەوەیە".
د. رۆژ نووری، ئاشکرای کرد: "ھەموو کوردێک ئاواتی خۆی و باوک و باپیری پێکھێنانی دەوڵەتی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستانە، ئەگەر ئامادەکاریی باشی بۆ بکرێت، ڕێژەکەی زۆر بەرز دەبێتەوە".
