عوسمان بایدەمیر گوتەبێژی ھەدەپە: پێشوازی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەین

 عوسمان بایدەمیر گوتەبێژی ھەدەپە: پێشوازی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەین
گوتەبێژی پارتی دیموکراتیی گەلان (ھەدەپە) لەبارەی بڕیاری ریفراندۆمی باشووری کوردستان، بۆ سەربەخۆیی، رای دەگەیەنێت کە "ئێمە پشتگیری لە بڕیاری خەڵکی باشووری کوردستان دەکەین".

عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی ھەدەپە و پەرلەمانتاری شاری روحا، دوێنێ لەکاتی رۆژوو شکاندن لە شاری ماردین، رای گەیاند: "برایانی ئێمە لە باشووری کوردستان، بە ئیرادەی خۆیان چ بڕیارێک بدەن، ئێمە رێز لە بڕیارەکانیان دەگرین".

گوتەبێژی ھەدەپە، جەختیشی لەوە کردەوە: "باشووری کوردستان، چ بڕیارێک بدەن، ئێمە پشتگیری ئەو بڕیارە دەکەین"

لەبارەی قسەکانی ئەنقەرەوە، کە رەخنەی لە بڕیاری ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان گرتبوو، بە بیانووی "ھەڵەیەکی گەورە و نەبوونی کاتی گونجاو بۆ ئەو پرسە"، بایدەمیر، ئەوەی خستەڕوو: "پەیامەکەی ئەنقەرە، لە زۆر توندە و لە جێگەی خۆی نییە، تورک، عەرەب و فارس، چ مافێکیان ھەیە، کوردیش ھەمان مافی ھەیە، نە زیاتر و نە کەمتر".

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 7/6/2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کۆبوویەوە، بڕیار لەسەر رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان درا و رۆژی 25/9/2017 دیاری کرا.











باسنيوز
Top