تەرمی پێشمەرگەیەک لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە دەدۆزرێتەوە

 تەرمی پێشمەرگەیەک لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە دەدۆزرێتەوە
لە سنووری شاری شنگال و لەو ناوچانەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی بەسەردا گرتوون، تەرمی پێشمەرگەیەک دۆزرایەوە کە شوێنەواری گوللە بەسەر جەستەیەوە دیارە.

مەحمما خەلیل، قایمقامی شنگال ڕایگەیاند: ”پێشمەرگەیەک بە ناوی ئەمیر جەردۆ خەلەف لە شنگال، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ون بووە و ئەوڕۆ یەکشەممە 11/6/2017 تەرمەکەی دۆزراوەتەوە“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان ئێستا بەدواداچوون لەسەر ڕووداوەکە دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایگەیاند، تەرمی ئەو پێشمەرگەیە لە سنووری گەڕەکی (حەی شوھەدا) دۆزراوەتەوە و ئاشکرای کرد: ”ئەو سنوورە کەسی لێ نییە جگە لە پەکەکە، حەشدی شەعبیش لەوێوە دوورن، بۆیە مردنەکەی گوماناوییە".

لەلایەکی دیکەوە سەعید ئەحمەد لە فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو پێشمەرگەیە ڕۆژی 6/6/2017 دیار نەماوە و بە مەبەستی چوونەوە بۆ ماڵی خۆی بەڕێ کەوتووە، بەڵام دواتر بێسەروشوێن بووە و ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”لەسەر جەستەی ئەو پێشمەرگەیە، شوێنی گوللەی (کلاشینکۆف) هەیە و دەردەکەوێت کە ئەو پێشمەرگەیە لەلایەن کەسانێکەوە کوژراوە“.














باسنیوز
Top