قادر ئەلیاسی: لەپێناو سەرخستنی ڕیفراندۆمدا ناکۆکییەکان وەلاوە بنێن و یەکڕیز بن
قادر ئەلیاسی، هونەرمەندی دەنگخۆشی ناوچەی (زەهاو)ی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ڕایگەیاند "وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم نەتەوەی کورد و باشووری کوردستان بەتایبەتی، هیوا دەخوازم خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ وەدیهاتنی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد کە سەربەخۆییە، هەموو ناکۆکییەک وەلاوە بنێن و لەپێناو سەرخستنی ئەو ئامانجەدا ریزەکانیان یەک بخەن.
لایەنە سیاسییەکانی کورد لەمەڕ دەربڕینی بۆچوونی تایبەتیی خۆیان سەبارەت بە کێشە سیاسییەکانی کوردستان و دەرەوە مافی خۆیانە بۆچوونی جیاوازیان هەبێت، بەڵام لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان وەک سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین، نابێ تووشی دوودڵی و پرش و بڵاوی بن.
کورد لەمێژ ساڵە بۆ وەدیهاتنی ئەو ئامانجە پیرۆزە خەبات دەکات. لەو سۆنگەیەدا هیوادارم کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەگشتی و خوشک و برایانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، ببن بە یارمەتیدەری خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە راستای بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئامانجە مەزنەدا پشتیوانیان بن.
باسنیوز
