سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی: هەڵوێستی تورکیا دوای ریفراندۆم شتێکی دیکە دەبێت

 سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی: هەڵوێستی تورکیا دوای ریفراندۆم شتێکی دیکە دەبێت
سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی ئاماژە بەوە دەکات هەڵوێستی تورکیا چاوەڕوانکراو بووە و دەڵێت: "دوای ریفراندۆم شتێکی دیکە دەبێت".

محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی گوتی: "هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر بە پرسی ڕیفراندۆم شۆک نەبوو، یان چاوەڕوان نەکراو نەبوو، چونکە بەپێی پێوەری نێودەوڵەتی ناکرێت دەوڵەتێک هانی خەڵکی دەوڵەتێکی دیکە بدات بۆ جیابوونەوە، بەڵام کاتێک خەڵکی وڵاتێک بڕیاری خۆیاندا لەبارەی چارەنووسەوە ئەوکاتە ئاساییە وڵاتێکی دیکە پشتیوانی دەرببڕێت، ئێستاش بۆ هەرێمی کوردستان وایە کاتێک ڕیفراندۆم دەکات و دواتر تورکیا چۆن ئێستا هەڵوێستی هەبووە، ئاواش هەڵوێستێکی دیکەی دەبێت".

گوتیشی: "لەناو تورکیا هەندێک گرووپی رەگەزپەرست هەن کە دژایەتی تەواوی خۆیان بۆ ئەو پرۆسە دەربڕیوە، چونکە هێشتا لەو عەقڵە کۆنەدا دەژین کە پێشووتر هەیان بووە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە پارتی داد و گەشەپێدانە کە ئێستا پەرلەمان و حکوومەتی پێکهێناوە و ئەوان دەستیوەردانی کاری ڕیفراندۆمی کوردستان ناکەن و چاوەڕوانیش دەکرێت دوای ریفراندۆم پیرۆزبایی خۆیان بنێرن".

ئەوەشی خستەڕوو، تورکمانەکانی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی دەنگ بە ریفراندۆمی کوردستان دەدەن و خۆیان یەکلا کردووەتەوە کە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەدەن، چونکە گەرەنتیان لە کوردستان هەیە، بەڵام بەشێک لە تورکمانەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەبەر ئەوەی ئاگاداری سیاسەتی حکوومەتی هەرێم نین و لەژێر کاریگەری مەزهەبی شیعەن هەڵوێستیان جیاوازە".













باسنیوز
Top