دایکی شەھیدان: سەربەخۆیی کوردستان چارەی زامەکانمان دەکات

 دایکی شەھیدان: سەربەخۆیی کوردستان چارەی زامەکانمان دەکات
دایکی شەھیدان رایدەگیەنێت، کە سەربەخۆیی کوردستان چارەی زامی ئەو و هەموو دایکانی شەهید لە کوردستان، دەکات.

دایکە عائیشەی ناسراو بە دایکی شەھیدان رایگەیاند، لەسایەی خوێنی شەھیدان و خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان ”ئاسۆیەکی روون دەبینم“.

دایکە عائیشە کۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ”موژدەیەکی زۆر دڵخۆشکەر“ دەزانێت و دڵنیایی خۆیشی نیشان دا لەوەی ”سەربەخۆیی باشووری کوردستان زۆر نزیکە“.

دایکی شەھیدان ئاماژەی بەوە کرد، کە دوای ئەوەی سێ کوڕی بە یەکجار لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش شەھیدبوون، ”بارزانی سەردانی کردم و بەڵێنی پێدام، کە خوێنی رۆڵەکانمان بەفیڕۆ ناچێت و بەرھەمی خوێنی شەھیدان تەنھا سەربەخۆیی کوردستانە“.

دایکە عائیشە هەروەها رایگەیاند، کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی رۆژی ریفراندۆم دەکات، ”دڵنیشام لەوەی ھەرکەس ھەستی نیشتیمانپەروەری لەدڵدا بێت، لەو رۆژەدا بە خۆشی و شادی روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکات و بە بەڵێ دەنگ دەدات“.

ڕۆژی 25.10.2014، ھەر سێ برای پێشمەرگە ئەحمەد عوسمان، نەجات عوسمان و مەولود عوسمانی کوڕانی دایکە عائیشە تەھا عوسمان، لە سنووری میحوەری زوممار لە کاتی بەرگریکردن لە کوردستان، شەھید بوون.

ڕۆژی 23.1.2015 سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نازناوی (دایکی شەھیدان)ی بە دایکە عائیشە بەخشی.













باسنیوز
Top