ئەنەكەسە: ڕیفراندۆم دوورە لە هەموو ململانێیەکی حزبی
خالید عەلی، نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند: ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لە هەرێمی کوردستان، لە كۆمەڵێك حزب پێكهاتووە، كە 45%ی حزبی سیاسییە و 55%یشی لە كۆمەڵەی گەنجان و ئافرەتان پێكهاتووە، هەربۆیە ئێمە وا چاو لە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەین، كە تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێمی كورستانەوە، بەڵكوو هەژموونی دەبێت بۆ پارچەكانی دیكەی كورستان و ئاسۆیەكی گەروە دەبێت، بۆ خەونی كوردستانی گەورە، هەروەها دەبێتە بنكەیەكی سەرەكی بۆ مافی هەموو كورد".
ئەو نوێنەرەی ئەنەکەسە جەختیشی كردەوە، "سەركەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بە گرنگ دەزانن، هەربۆیە پێویستە هەموو كوردێك بە ئەركی سەرشانی خۆی بزانێت، چونكە سەركەوتنی پرۆسەی گشتپرسی، سەركەوتنی كوردستانە بۆ قۆناغێكی دیكە."
ئەوەشی خستەڕوو "كە ئێستا دوژمنان و نەیارانی كورد هەموو هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی كە ئەو پرۆسەیە پەك بخەن و ڕای بگرن، بۆیە دەبێت تاكەكانی كورد بڕیاری خۆیان بدەن، ئایا دەیانەوێت وەك هاووڵاتیی عێراقی، یان ئێرانی، یان سووری، یان توركی بژین و فەرمانبەری بۆ ئەو وڵاتانە بكەن؟ یان دەیانەوێت وەك هاووڵاتییەكی كوردستان بژین؟".
نوێنەری ئەنەکەسە لە هەرێمی كوردستان هێمای بۆ ئەوەش كرد: "ئەنەكەسە پاڵپشتی تەواو لە پرسی ڕیفرانۆدم و سەربەخۆیی كورستان دەكات، هەروەها گشتپرسیش دوورە لە هەموو سنووەكانی حزبایەتی و ململانێی حزبی لە هەرێمی كورستاندا، هەر بۆیە لەبەر ئایندەی كورد، پێویستە كورد یەكدەنگ و یەكڕا و یەكڕیز بن لەم پرۆسەیەدا".
باسنیوز
