کچەکی پێنج ساڵی کوردی ئێزدی لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار کرا
حوسێ کورۆ قایدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی،راگەیاند: "ئەمڕء شەممە 10/6/2017 منداڵەکی کوردی ئێزدی لە شاری مووسڵ، کە بەر لە سێ ساڵ لەسەردەمی حکوومەتەکەی مالیکی رفێندرا بوو، لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار کرا و گەیشتەوە ناو خزم و کەسی خۆی، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی 15 کەس لە خێزانەکەی دیار نییە، دایک و باوکی ھێشتا لە دەست تیرۆریستانی داعش دان".
بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەتا ئێستا بە پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە 3 ھەزار و 20 کەس لە تیرۆریستانی داعش رزگار کراون، نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی، بەردەوام کار بۆ رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان دەکات و تا ئێستا زیاتر لە 3 ھەزار و 400 ھاووڵاتی کوردی ئێزدی لە دەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش دان".
bas news-
