"مەسیحی و ئەرمەنی پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم دەکەن"

چالاکوانێکی کلدان و ئاشووری و سریان و نوێنەرێکی ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان باس لە گرینگیی ڕیفراندۆم دەکەن و دەڵێن، ئەوان، هەموویان بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆم دەدەن و کوردستانێکی سەربەخۆیان دەوێت.

(یروانت نیسان مارکۆس)، نوێنەری ئەرمەنەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پێکھاتەی ئەرمەن لە ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەن، ئەرمەنستانمان، کە ژمارەیان سێ ملیۆن کەسە، دەوڵەتی هەیە، بەڵام ئێستا باشووری کوردستان لە چوار ملیۆن کەس زیاترە، کە ھێشتا بێ دەوڵەتە، ناکرێت گەلی کوردستان بە دیار قەدەرەوە دابنیشێت، دەبێ پێکەوە ھەنگاو بنێین بۆ ئەوەی سەرجەم پێکھاتە و لایەنەکان دەست‌لەدەست بنێن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ پەلە بکرێت لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، چونکە تێپەڕبوونی کات لە بەرژەوەندیی کوردستاندا نییە.'' ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوان لەگەڵ ڕیفراندۆمی کوردستانن.

هاوکات (ئانۆ عەبدۆکە)، چالاکوانی کلد و ئاشووری و سریان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چەند ساڵە کوردستان لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە ستەمی بەرانبەر دەکرێت، بۆیە گرینگە خەڵکی کوردستان بە دڵخۆشییەوە بەرەو سندووقی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم بڕۆن و، خەڵکی کلدان و مەسیحی و سریانیش بڕیاری خۆیان داوە و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆم دەدەن و ئەم پێکهاتانە لەمێژە وەک برا لەم کوردستانەدا ژیاون و دەشیانەوێت چارەنووسیان لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆ و ئارامدا بێت، ئاخر بۆ ئەوان پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی شتێکی کەم نییە، چونکە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق فەرمانی کوشتیان دەدرێت و گەرەنتیی ژیانیان نییە و دەچن بۆ دەرەوەی وڵات.''

(ئانۆ عەبدۆکە) گوتی: ''ئێستا کە هاتبێتە سەر ئەوەی خەڵکی کوردستان لەسەر خاکی خۆیان بە ئازادانە گوزارشت لە مافەکانیان بکەن، زۆر گرینگە، ئێمە نامانەوێت چارەنووسمان بدرێتە دەست قەدەرێکی نادیار، بۆیە باوەڕ ناکەم هیچ پێکهاتەیەک بەقەدەر ئێمە بۆ پرسی ڕیفراندۆم بەپەرۆش بێت.''

(ئانۆ عەبدۆکە) گوتیشی: ''کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ لە هەموو ئەگەرەکانی دیکە باشترە، بۆیە بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆم دەدەین.''
kdp-
Top