عەبدولسەلام بەرواری: بەدانوستان لەگەڵ بەغدا جیادەبینەوە و دەستووریش ئەو مافەی پێداوین

عەبدولسەلام بەرواری: بەدانوستان لەگەڵ بەغدا جیادەبینەوە و دەستووریش ئەو مافەی پێداوین
شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: ''ئەوەی زیاتر ھانی داوین، کە پەنا بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان ببەین، جێبەجێنەکردنی دەستوورە لە لایەن بەغداوە.'' دەشڵێت: ''ئێستا زەمەنێکی دیکە بوایە عێراق بە شێوەیەکی دیکە وەڵامی ئێمەی دەدایەوە و ئومێدی گەورەمان سەرکەوتنە بۆ سەربەخۆیی.''

(عەبدولسەلام بەرواری)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیاری لایەنەکانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە مانگی ئەیلوولی داھاتوودا، جگە لەوەی مافێکی سرووشتیی خەڵکی کوردستانە و لەو پێناوەدا قوربانیی داوە، بەڵام ئەوەی زیاتر ھانی داین کە ئێستا بڕیارەکە بدەین، پابەندنەبوونی حکوومەتی عێراق بە جێبەجێکردنی دەستووری ھەمیشەیی عێراق و مادەی ١٤٠ی دەستوورەوە بوو، من گوێم لە قسەکانی نووسینگەی (حەیدەری) بووە کە دەڵێت، ھەر شتێک لە دەرەوەی دەستوور بێت، قبووڵی ناکەین. ئێمەش، ھەروامان گوتووە، لە دیباچەی دەستووری عێراقدا هاتووە کە جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە زامنی مانەوەی عێراقە، ئەگەر بەغدا ئامادە نییە، دەستوور جێبەجێ بکات، ئێمە، خۆمان جێبەجێی دەکەین و ئەو مافە دەستوور بە ئێمەی داوە، کە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین.''

ئەو شرۆڤە کارە دەڵێت: ''کێ دەستی عێراقی گرتبوو لە ماوەی ١٠ ساڵدا مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکات، ئەو لێدوانانەی ئێستا سەرکردە عێراقییەکان دەربارەی ڕیفڕاندۆم و پرسی دەستوور دەیدەن، ئەگەر لە قۆناغ و زەمەنێکی دیکەدا بوایە، قسەیەکی دیکەیان دەکرد، جیاواز لەوەی ئێستا باسی جێبەجێکردنی دەستوور دەکەن.''

(عەبدولسەلام بەرواری) گۆتیشی: ''لێدوانی (ئەیاد عەلاوی) و (حەیدەر عەبادی)ش ئەوەمان پێ دەڵێن، کە ئێمە بەردەوام دەبین لە ھەڵویست و بڕیاری خۆمان، ئەوانیش دەزانن ھەوڵەکانی ئەوان بێسوودە و ئومێدێکی گەورە ھەیە، بۆ بەردەوامیی ئێمە لە خەبات و بڕیاری خۆمان، لە کۆتاییشدا ھەر ئەوەیە کە سیاسەتی (سەرۆک بارزانی) دایناوە، بە دانوستان لە عێراق جیا دەبینەوە و ھەر ئەوەش ڕێچارەیە بۆ کێشەی ھەرێمی کوردستان لەگەل عێراقدا.''
kdp-
Top