نیویۆرک تایمز: چەکدارکردنی پەیەدە هەڵەیە؛ میلیشیای پەکەکەن
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بابەتێکدا بە ناوی (چەکدارکردنی کوردانی سووریا هەڵەیە)، کە مەبەستی چەکدارکردنی پەیەدەیە لە لایەن ئەمەریکاوە، بابەتێکی تێروتەسەلی لەسەر پەکەکە و پەیەدە بڵاوکردووەتەوە و لە دەستپێکی بابەتەکەدا، ڕۆژنامەکە بڕیاری چەکدارکردنی پەیەدە لە لایەن ئەمەریکاوە بە هەڵە دەزانێت و دەشیسەلمێنێت، کە پەیەدە سەر بە پەکەکەیە و پەکەکەش وەک دیارە لە لایەن ئەمەریکا و ناتۆ و وڵاتانی دیکەوە لە لیستی تیرۆردایە.
ڕۆژنامەکە دێتە سەر مێژووی پەکەکە، کە ساڵی ١٩٧٨ لە تورکیا، وەک ئایدیایەکی مارکسیستی دروست بووە و ساڵی ١٩٨٤ لە دژی دەوڵەتی تورکیا چەکی بەدەستەوە گرتووە.
دواتریش لە ساڵی ١٩٩٨دا، (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)، ڕابەری پەکەکە، کە لە سووریا بوو، لەژێر هەڕەشەی سەربازیی تورکیادا، سووریا دەری کرد و دواتریش دەستگیر کرا، دوای ئەوە پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە عێراق و سووریا لقی خۆی دروست کرد و لە سووریاش پەیەدەی دروست کرد، کە باڵێکی سەربازیی خۆیەتی و ملیشای سەر بە پەکەکەیە.
ڕۆژنامەکە ئەوەیشی خستووەتە ڕوو، لەو کاتەدا کە خەڵک لە سووریا دژی ڕژێمی (بەشار ئەسەد) ڕاپەڕین، ڕژێمی (ئەسەد) لە باکووری سووریا پاشەکشەی کرد و، ئەو ناوچانەی بۆ پەیەدە جێهێشت.
نیویۆرک تایمز، ئەوەیشی ئاشکرا کردووە، کە بە گوێرەی زانیاریی ئەفسەرێکی هەواڵگریی هەرێمی لە ناوچەکەدا، کە نەیویستووە ناوی ببرێت، پەکەکە لە لایەن تۆڕێکی سەرکردایەتیی خۆیەوە لە پشتەوە پەیەدە بەڕێوە دەبات.
ڕۆژنامەکە نووسیویشیەتی، کە پەیەدە دەیەوێت سیستەمی حزبێکی تاکڕۆ و پاوانخواز لە ڕۆژئاوای کوردستان پیادە بکات، هەربۆیە لە ساڵی ٢٠١٢وە تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ کەسی لە ئاستی بەرزدا لە حزبەکانی دیکەی کورد، لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕفاندووە و دەستگیری کردوون.
بە گوێرەی زانیاریی ڕێکخراوی هیۆمان ڕایتس وۆچ لە ٢٠١٤وە پەیەدە مامەڵە و هەڵسوکەوتی خراپی لەگەڵ زیندانیاندا کردووە و لەژێر ئەشکەنجەشدا لە زیندان خەڵکیان کوشتووە.
نیویۆرک تایمز نووسیویەتی، سکرتێری ئەنەکەسە، (ئیبراهیم برۆ)، لە لایەن پەیەدەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرکراوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە، ئەگەرجارێکی دیکە بگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان. لەگەڵ ئەوەی کە زیاتر لە ٥٠ بارەگای ئەنەکەسەیان لە ڕۆژئاوای کوردستان داخستووە.
kdp-
