بارزانی: بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بابەتێکی مێژووییە و یەکلاییبووەتەوە

 بارزانی: بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بابەتێکی مێژووییە و یەکلاییبووەتەوە
ئەمڕۆ شەممە، لە سەلاحەددین بە مەبەستی تاوتوێکردنی بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، نوێنەر و بەرپرسە باڵاکانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ شەممە 10/6/2017 لە سەلاحەددین بە مەبەستی تاوتوێکردنی بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھەروەھا ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، نوێنەر و بەرپرسە باڵاکانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پەرلەمان لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا، ئامادەبووان دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دەولی، ئەو قوربانیدان و ئەزموونانەی گەلی کوردستان لە خەباتی خۆیدا ھەیبووە، پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم و بڕیاری دیاریکردنی 25ـی ئەیلوولی 2017 بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند.

پارتە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە ھەموو تواناکانیان بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم دەخەنەگەڕ، داوایشیان کرد کە نوێنەرەکانیان ڕۆڵیان لە کۆمیتە و کاروباری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ھەبێت.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕوونکردەوە کە بڕیاری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بابەتێکی مێژووییە و یەکلاییبووەتەوە و پەیوەستە بە ژیانی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان و ھیوایشی خواست ھەموو لایەک بە گڕوتینەوە بەشدار بن.

لایەنە بەشدار بووەکانی کۆبوونەوەکەش لەو پارت و لایەنانە پێکھاتبوون:

- یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان

- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان

- پارتی نەتەوەیی کوردستان

- بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان

- پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان

- بزووتنەوەی ڕزگاریی دیموکراتی کوردستان

- حزب بیت النھرین الدیموقراتی

- حزب الاتحاد الدیموقراتی الکلدانی

- سەرۆکی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدان

- پارتی نیشتیمانی ئاشووری

- یەکێتیی بیت النھرینی نیشتیمانی

- مینبەری دیموکراتی کلدانی

- بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان

- بزووتنەوەی تورکمانی بێلایەن

- پارتی دیموکراتی تورکمانی کوردستان

- کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی تورکمانن لە کوردستان

- پارتی گەلی تورکمان

- کۆمەڵەی لیبڕاڵی تورکمان

- پارتی ڕزگاری نەتەوەیی تورکمانی










باسنيوز
Top