پرۆژەی عەلوە نوێیەکەی کەلار ڕاگیرا

 پرۆژەی عەلوە نوێیەکەی کەلار ڕاگیرا
پاش ئەوەی دەرکەوت پرۆژەی عەلوەی نوێی کەلار گرفتی تێدایە، بە بڕیارێک ئەو پرۆژەیە ڕاگیراوە و بەرپرسێکیش دەڵێت تاکوو کێشەکان یەکلا نەبنەوە، دەست بە پرۆژەکە ناکرێتەوە.

نەجم عەبدووڵا، قایمقام لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان و، سەرۆکی تەواوی ئەو لێژنانەی بۆ کێشەی عەلوەکەی کەلار درووست کراون، ڕایگەیاند: "سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕۆژی پێنجشەممە پاش ئەوەی لەلایەن (نووری عوسمان) سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە تەلەفۆن ئاگادار کراوەتەوە کە پێویستە کارەکانی عەلوەی نوێی کەلار ڕابگیرێت، ئێمەش بڕیاری داخستنی عەلوەکە و وەستانی کارەکانیمان داوە".

سەبارەت بەوەی چۆن بە تەلەفۆن پرۆژەیەک دەوەستێنرێت، ئەو بەرپرسە، گوتیشی: "سبەی نووسراوی ڕەسمی ڕاگرتنەکەمان دێتە بەردەست و بەهۆی ئەوەش کە سەرۆکی دەستە پلەی وەزیری هەیە، بۆیە لەکاری ئیداری بڕیارەکانیشی بە تەلەفۆن جێبەجێ دەکرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "کە تاکوو کێشەی عەلوەکەی کەلار لە نێوان ئەو کەسانەی خۆیان بە خاوەنی دەزانن و چەند سکاڵایەکیش هەیە یەکلا نەبێتەوە، دەست بە پرۆژەکە ناکرێتەوە".

کێشەی عەلوەکەی کەلار بەهۆی ژمارەیەک کێشە لە نێوان چەند کەسێک و کۆمپانیایەک کە خۆیان بەخاوەنی دەزانن، گرفتی هەیە و لە ڕابردوودا یەکێک لەو کەسانەی کە خۆی بە خاوەنی دەناساند دەستگیر کراوە.











باسنیوز
Top