شاندێکی باڵای گۆڕان سەردانی سەڵاحەدین بەهائەدین دەکات
بەپێی زانیارییەکان، سەردانەکە، کە دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە 10.6.2017 ئەنجام دراوە، لەسەر داوای گۆڕان بووە و عومەری سەید عەلی، سەرکردەی باڵا و کەسی دووەمی بزووتنەوەکە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفای رێکخەر، سەرکایەتیی شاندەکە دەکات و جەلال جەوهەر، هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان ئەندامێتی دەکات.
عومەری سەید عەلی لە سەردانەکەیدا بۆ ماڵی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، لەگەڵ سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدینی ئەمیندار کۆ دەبێتەوە.
پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی 7.6.2017ی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەکان، بڕیار درا لێژنەیەک دروست بکرێ و سەردانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بکات، بە مەبەستی چارەسەرکرسدنی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
