سەرۆك بارزانی و عەبادی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن
بەپێی راگەیەندراوێک، نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تیشکیان خستووەتە سەر پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
مەسعود بارزانی و حەیدەر عەبادی باسی بەردەوامیی ”هەماهەنگیی بەرز“ی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانیان کردووە لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی عەبادی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها تاوتوێی گەڕاندنەوەی سەقامگیرییان بۆ ناوچە رزگارکراوەکان لەژێر دەسەڵاتی داعش، کردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
