کەسایەتییەکی ھۆزی شوان: قوربانیمان لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان داوە
کەسایەتییەکی دیاری ھۆزی شوان لە چەمچەماڵ، ڕای دەگەیەنێت، کە تەواوی ھۆزەکەیان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دان.
مەلا ھیوای شوانی، کەسایەتی دیاری ھۆزی شوان لە چەمچەماڵ، ڕاگەیاند: "ھۆزی شوان زیاتر لە 102 گوندی ھەیە، لە ھەموو سەردەمە جیاوازەکانی مێژوودا دەیان شەھید و ئەنفال و قوربانیمان داوە، تەنیا لە پێناوی ئەوەدا، کە کورد بە بگات بە ئامانج و سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت".
باس لەوەش دەکات، کە لە سنووری عەشیرەتی شوان، گوندی (جەلە مۆر)مان ھەیە، کە خاوەنی 470 شەھیدە، ھەروەھا گوندی (گوڵف کەوە) خاوەنی 82 شەھیدە، پێش ڕاپەڕینی 1991یش، سەرجەم گوندەکانی عەشیرەتی شوان زیاتر لە سێ جار سووتاون و وێران کراون.
ئەو کەسایەتییەی ھۆزی شوان، دەشڵێت: "ئێمە قوربانیمان دا، تەنیا لە پێناوی ڕۆژێک کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنرێت، ئەوەش ئاواتی منداڵێک تا گەورەیەکمانە، تەنانەت مردووەکانیشمان ئاواتیان وابوو، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پرسێکی وا بێتە پێشەوە".
مەلا ھیوا شوانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی ئاواتی ھەموو کوردێکە، ھەر کەسێکیش دژی بێت، "ئەوا ھیچی لەو خیانەتانە کەمتر نابێت، کە لەمێژوودا بەرانبەر کورد کراون".
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
bas news-
