نوورەدینی: هەرێم تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی بەغدا

نوورەدینی: هەرێم تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی بەغدا
(د. عومەر نوورەدینی) مامۆستای زانکۆ پێی وایە، ڕەوانەکردنی شاندی دانوستان بۆ بەغدا ھەنگاوێکی باشە، کە ھەرێم بتوانێت پرسێک بە بەغدا بکات بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتن ھەبێت. دەشڵێت، بەغدا تازە ڕازی بێت و ڕازی نەبێت، سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و ئیتر تۆپەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی بەغداوە، کە تا چەند ھاوکار دەبێت بۆ ئەو پڕۆسەیە.

(د. عومەر نوورەدینی) مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان کارێکی عەقڵانی دەکات، کە کۆمیتەیەک بۆ دانوستان ڕەوانەی بەغدا دەکات، ھەتا لەبارەی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمەوە لەگەڵ عێراق بگەینە لێکتێگەیشتنێک، چونکە پەنابردن بۆ ڕیفڕاندۆم مانای ئەوەیە کە ئێمە پەنا بۆ یاسای ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەبەین و ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە میسداقییەتی خۆی ھەیە و پێویستە عێراقیش ھاوکارمان بێت و بگاتە ئەو تێگەیشتنەی، کە ئێمە کارێک دەکەین، کە یاسا و دەستوور ئەو مافەی بە خەڵکی ئیمە داوە.''

ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی: ''ئەگەر بەغدا ڕازی بێت و ڕازی نەبێت، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بڕیاری خۆی داوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ ڕیفڕاندۆم بەڕێوە دەچێت و خەڵکی ھەرێمی کوردستان پاشەڕۆژی خۆیان دیاری دەکەن، بەڵام دانوستان و ڕازیکردنی بەغدا ھەنگاوێکی باشە. بۆ ئەوەی دواتر لەسەر ئاستی جیھان و نێودەوڵەتیدا بەغدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بە ناحەق دەربچێت، پێویستە ھەرێمی کوردستان تۆپەکە بخاتە گۆڕەپانی بەغداوە بۆ ئەوەی ھیچ لەسەر ھەرێم نەمێنێت.''
kdp-
Top