د. ساڵح: ھەرێمی کوردستان گەیشتۆتە قۆناغێک وڵاتان وەکو دەوڵەت قبوڵی دەکەن

د. ساڵح: ھەرێمی کوردستان گەیشتۆتە قۆناغێک وڵاتان وەکو دەوڵەت قبوڵی دەکەن
مامۆستایەکی زانستە سیاسیەکان لەزانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، لەئێستادا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆرێک لەوڵاتان وەکو دەوڵەت دان بەھەرێمی کوردستان دادەنێن و ئامادەیی ئەوەیان تێدایە وەکو دەوڵەت قبوڵی بکەن، بۆیە ئەگەر ھەرێمی کوردستان بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات ئەندامانی ھەمیشەیی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی ڤیتۆ دژی بەکار ناھێنن و بەئاسانی دەبێتە ئەندام لەنەتەوە یەکگرتووەکان.


(د.ساڵح مەلا عومەر) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتى، "ھەلێکی زێرین بۆ کورد ڕەخساوە کە بڕیار لەمافی چارەی خۆنووسین بدات، بۆیە پێویستە کورد بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی بدات و لەدەستی نەدات، چونکە دووبارە نابێتەوە.


(مەلا عومەر) گوتیشی، "پێویستە ئێمە لەوە بگەین کە مافی چارەی خۆنووسین مافێکی ڕەوای ھەموو گەلێکە و ھیچ پەیوەندی بەکێشە سیاسیەکانەوە نیە، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەومافە بۆ ھەموو گەلێک دیاری کراوە، بۆیه‌ بەدەست ھێنانی ئەو مافە ناکرێت بەھەر بیانووەک بێت لەدەست خۆمانی بدەین.


(د. ساڵح مەلا عومەر) ده‌شڵێت، "بەھۆی شەڕی داعش و قارەمانیەتی ھێزی پێشمەرگە ئێستا ھەرێمی کوردستان بۆتە ناوچەیەکی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕووبونەوەی داعش، ئەمەش وای کردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتۆتە قۆناغێک کە بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات، وڵاتانی جیھانیش ئەو ئامادەییان تێدایە ھەرێمی کوردستان وەکو دەوڵەت قبوڵ بکەن.


ئه‌و مامۆستایەی زانستە سیاسیەکان زیاتر گوتی، "ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شتێک نیە بەئێمە بدرێت، بەڵکو ئەمە مافی گەلی کوردە و ھەوڵی بۆ داوە و بەدەستی دەھێنێت.

(مەلا عومەر) له‌كۆتایى لێداونه‌كه‌یدا ده‌ڵێ، "لەئێستادا لەنێو وڵاتانی جیھان زۆرێکیان دان بەھەرێمی کوردستان دەنێن وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بۆیە ئەگەر ئەوپرسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باس بکرێت، ئەو پێنج وڵاتەی لەنەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامی ھەمیشەیین مافی ڤیتۆ دژی ھەرێمی کوردستان بەکار ناھێنن و ھەرێمی کوردستان بەئاسانی دەبێتە ئەندام لەنەتەوە یەکگرتووەکاندا.
kdp-
Top