هەڵوێستی ئەنجومەنی رۆحانیی ئێزدیان لەبارەی ریفراندمی سەربەخۆیی کوردستانەوە
کەریم سولەیمان، راوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ”دەستکەوتێکی مێژوویییە“ بۆ تەواوی گەلی کوردستان.
کەریم سولەیمان پشتگیریی هەموو کوردانی ئێزدی و ئەنجومەنی رۆحانیی ئێزدیانی کوردستان و جیهانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاندووە و گوتویەتی، ریفراندۆم و پاشان ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، دەستپێکێکە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو ناخۆشی و کارەساتانەی بەسەر ئێزدییاندا ھاتوون.“
راوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان، کە ئەنجومەنەکەی باڵاترین دەسەڵاتی ئایینیی کوردانی ئێزدییە، داوای لە کوردانی ئێزدیش کردووە بە ”بەڵێ“ بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەنگ بدەن و تاوەکو ”ناوچەکانمان بە ھەڵواسراوی نەمێنن، لەبەر ئەوەش نامانەوێت جارێکی دیکە لەگەڵ دەوروەبەرەکان بژین، چونکە خیانەتیان لێی کردین و ھزری توندڕۆیی لە مێشکیاندایە و بە ھەموو شێوەیەک دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر ھەرێمی کوردستان“.
دوای داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق و داگیرکردنی شاری شنگالی ئێزدینشین، بەشێک لە عەرەبەکانی سنوورەکە بوونە داردەستی چەکدارانی ئەو رێکخراوە و دژایەتیی ئێزدیانیان کرد.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
