سەرۆک ھۆزێکی عەرەب: ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بەرژەوەندی عەرەبەکانی کەرکووکە

سەرۆک ھۆزێکی عەرەب: ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بەرژەوەندی عەرەبەکانی کەرکووکە
سەرۆکی ھۆزی جبور لە پارێزگای کەرکووک، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بەرژەوەندی عەرەب و پێکھاتەکانی تری کەرکووکە و دەشڵێت، عەرەبەکانی کەرکووک بە بەڵێ دەنگ بە ریفراندۆم دەدەن.



ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/6/2017، شێخ مەسرور ناجی، سەرۆکی ھۆزی جبوور لە پارێزگای کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو عەرەبەکانی کەرکووک دڵخۆشبووین کە دواجار رۆژێک دەستنیشان کرا بۆ ئەنجامدانی ریفراندم و ئێمەش لە کەرکووک دەتوانین دەنگ بۆ ئەو ریفراندۆمە بدەین و عەرەبەکان و پێکھاتەکانی تری کەرکووکیش لە گەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم دان".


سەرۆکی ھۆزی جبوور لە پارێزگای کەرکووک، ئاماژەی بۆ ئەوەش دا: "لە بەر ئەوەی ئێمە وەک عەرەب لە سەر خاکی کوردستان دەژین و حکوومەتی ئێستای عێراق کە حکوومەتێکی شیعەیە لە گەڵ مافە ڕەواکانی ئێمەی عەرەب نییە، لە کەرکووک و دەوروبەری و ئێمەش ئێستا پێشمەرگە دەمانپارێزێت و باشترین ھەڵبژاردەش ئەوەیە کە کوردستان بێتە دەوڵەت و ئێمەش ئەو کاتە لەو دەوڵەتەدا سەنگمان زیاتر دەبێت".



شێخ مەسرور ناجی،ئەوەشی خستەڕوو: "عەرەبەکانی کەرکووک بە بەڵی دەنگ بۆ ریفراندۆم دەدەن، چونکە ھیچ بژاردەیەکی دیکە جگە لە سەر سەربەخۆیی شک نابەین، ھەرێمی کوردستان ئێستا بووەتە شوێنی سەرجەم پێکھاتەکان و ھەزاران ئاوارەی عێراق لە ھەرێمی کوردستان دەژین و لە کەشوھەوایەکی پڕ لە ئەمنیەتدا".



دوێنێ چوارشەممە 7/6/2017، لە پیرمام، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پرسی ریفراندۆم و لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کۆبوەوە و لەو کۆبونەوەدا بڕیاردرا رۆژی 25/9/2017یان دەستنیشانکرد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بڕیاریشیاندا ئەو ریفراندۆمە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
bas news-
Top