ئێزیدى و کریستیانەکانى كوردستان ریفراندۆم بە هەلێکى زێڕین دەزانن
زۆرینەى پێکهاتەکانى کوردى ئێزیدى و کریستیانەکان لە هەرێمى کوردستان شوێنى نیشتەجێبوونیان دەکەوێتە ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە لە دەستوورى عێراق بە مادەى ١٤٠ دەستوورى ناودەبرێ، ئەو پێکهاتانەش دەیانەوێ لە ڕێگەى دەنگدانەوە بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆیان بدەن.
شێخ شامۆ نوێنەرى پێکهاتەى کوردانى ئێزیدى لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند "ریفراندۆم رۆژى بڕیاردانە لەسەر چارەنووسى خۆمان و رۆژى رێگریکردنە لە دەستێوەردانە دەرەکییەکانى ناوچەکە، بۆیە ئێمە وەک کوردى ئێزیدى وەک هەر پێکهاتەیەکى دیکەى هەرێمى کوردستان لە ریفراندۆم دەنگ بە بەڵێ دەدەین".
شێخ شامۆ ئاماژە بەوە دەدات کە مانەوەیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندى پێکهاتەى کوردى ئێزیدى و هەموو پێکهاتەکانى دیکەدایە، وەک خۆى دەڵێ "لەمێژە چاوەڕوانى ئەو رۆژە دەکەین کە بڕیار لەسەر مانەوەى خۆمان بدەین لەژێر ئاڵاى کوردستان، چونکە ئێمە بەشێکى گرنگى کوردستانین و بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لە عێراق، چەندین ساڵە عێراق و حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکانى ئەو وڵاتە جگە لە کۆمەڵکوژى و جینۆساید هیچى دیکەى لێ بەرهەم نەهاتووە، بۆیە دەمانەوێت بە پرۆسەى ریفراندۆم رێگرى لە دووبارە بوونەوەى کارەساتەکان بکەین".
شێخ شامۆ گوتیشى "متمانەى تەواومان بە خەڵکى خۆمان هەیە کە چارەنووسى خۆیان یەکلایی دەکەنەوە و پاڵپشتى سەرخستنى پڕۆسەى ریفراندۆم دەکەن، چونکە ئەگەر کوردى ئێزیدى بڕیارێکى هەڵە بدەن و پێچەوانەى ریفراندۆم کاربکەن، ئەوکات بە درێژایی مێژوو کارەسات و کۆمەڵکوژکردن بەسەر ئێمەى ئێزدى دووبارە دەبێتەوە و مافەکانمان پارێزراو نابێت".
ئەو نوێنەرەى کوردانى ئێزیدى لە پەرلەمانى کوردستان ریفراندۆم بە هەلێکى باش دەزانێت بۆ رێگرى کردن لە دەستوەردانى گرووپى پەکەکە و لقەکانى سەر بە پەکەکە و دەشڵێت "هەر کاتێک هاووڵاتییانى سنوورى شنگال دەنگى خۆى خستە پاڵ دەنگى دەنگى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و لە ریفراندۆم بڕیارى لەسەر چارەنووسى خۆیدا و داواى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستانى کرد، ئەو کات دەسەلمێندرێت کە بوونى پەکەکە لە شنگال و سنوورەکە زۆردارییە، نەک خواستى خەڵکى شنگال، جا بۆیە داواکاریم لە کوردانى ئێزیدى ئەوەیە ئامادەکارییەکى تەواو بکەن بۆ ئەو رۆژە گرنگە".
بە هەمان شێوە واحیدە یاقۆ نوێنەرى کریستیانەکان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند "پێکهاتەى کریستیانەکان بە کلدان و ئاشوورییەکانەوە دەنگیان بۆ سەرخستنى پڕۆسەى ریفراندۆمە، چونکە لاى هەمووان ئاشکرایە کە ریفراندۆم چارەنووسى ئێمە دیار دەکات و مافێکى رەواى گەلى کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانەوە".
یاقۆ ئاماژەى بەوەدا "دواى سەرکەوتنى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان دۆخى دارایی هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بە پێکهاتەى کریستیان و پێکهاتەکانى دیکەى هەرێم بەرەو باشتر هەنگاو دەنێت، تا ئێستا لە بەشێکى زۆرى مافە رەواکانى خۆمان بێبەش بووینە، چونکە خاوەن وڵاتێکى سەربەخۆ نەبووینە".
دەشڵێ "ئەرکێکى ئەخلاقى و مرۆیی لەسەر شانى ئێمەیە پڕۆسەى ریفراندۆم سەربخەین، چونکە جگە لەوەى چەندین ساڵە هەرێمى کوردستان خزمەتى کریستیانەکان دەکات، زیاتر لە دوو ساڵیشە ئەگەر هەرێمى کوردستان نەبووایە هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ئامادە نەبوو بە هاناى ئاوارە کریستیان و ئێزیدی تەنانەت عەرەبەکانیشەوە بێت، هەر هەرێمى کوردستان بوو دەرگاى بەڕووى ئاوارەکان کردەوە و هەر پێشمەرگە بوو بە جوانترین شێوە پێشوازى لە ئاوارەکان کرد، ئەمانە بەڵگەن کە پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان مافییان پارێزراوە".
bas news-
