مەحموود عوسمان: بە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان ڕیفراندۆم ئەنجامێکی باشی دەبێت

مەحموود عوسمان: بە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان ڕیفراندۆم ئەنجامێکی باشی دەبێت
سیاسەمەداری کورد، (د. مەحموود عوسمان) دەڵێت، ھیچ لایەنێکی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دژایەتیی ڕیفراندۆمی نەکردووە و ئەگەر ھەموو لایەنەکانیش یەکڕیز بن، ڕیفراندۆمەکە ئەنجامی باشی دەبێت.

(د. مەحموود عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان مافێکی سروشتیی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە و کارێکی باشە و دەبێ ھەوڵ بدرێت ھەموو لایەنەکان بە یەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت و ئەنجامی باشی ھەبێت.''

(د. مەحموود عوسمان) گوتی: ''بۆ دیاریکردنی ئەو وادەیە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دیارە لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی دوێنێ ئەو کاتەیان پێ باش بووە و دیراسەیان کردووە، بۆیە ئەو کاتەیان دیاری کردووە، بەڵام گرینگ جێبەجێکردنییەتی، چونکە ئەو ڕیفراندۆمە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمیش دەکرێت.''

(د. مەحموود عوسمان) ڕوونی کردەوە: ''سێ لیژنە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دروست دەکرێن، ئەوانیش یەکێک گفتوگۆ لەگەڵ دەرەوە دەکات و یەکێکی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکات و ئەوەی دیکەش لەگەڵ لایەنەکانی ناوخۆ گفتوگۆ دەکات، بۆیە پێویستە ئەوانە کار بکەن.''

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد لە درێژەدا گوتی: ''تا ئێستا ئەوەی من زانیبم، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە یوئێن بێدەنگی ھەڵبژاردووە و بێدەنگبوونیش کارێکی باشە، بەڵام دوای گفتوگۆکردن لەگەڵیان هەڵوێستیان دیار دەبێت.''

(د. مەحموود عوسمان) ڕاشیگەیاند: ''ئێستا وڵاتانی ھەرێمییش بە کاری خۆیانەوە سەرقاڵن، وەکو ئێران و قەتەر و وڵاتانی دیکە، بۆیە گەر لایەنەکانی کوردستان یەکھەڵوێست و یەکڕیز بن، بێگومان ئەو ڕیفراندۆمە ئەنجامی باشی دەبێت.''
kdp-
Top