فەرماندەکانی پێشمەرگە: بە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بەرھەمی خەباتی پێشمەرگە دەبینین
بەرپرسی میحوەری باشیک، (حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیاردان و دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ڕیفراندۆم کارێکی زۆر باشە و دەبێتە کلیلی کردنەوەی خێر و خۆشی بۆ گەلی کورد و دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەموو کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستانیش چارە بکرێن و ھیوادارین لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی بە ئاواتی خۆمان بگەین.''
(حەمید ئەفەندی) گوتیشی: ''دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە ھێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ زۆر پێی دڵخۆشن، چونکە ئەو بڕیارە لە بەرژوەندیی ھەموو گەلی کوردە و کوردیش وەکو گەلانی دنیا دەگاتە مافەکانی خۆی.''
ھەر لەمبارەیەوە عەمید ڕوکن (سەلیم سوورچی)، فەرماندەی ھێزی پشتیوانیی یەک، لە میحوەری ڕۆژاوای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''سەدەیەکە خەبات دەکەین، دوێنێ سەرکردایەتیی کورد پلانی دانا و سبەی بەرھەمی ئەو خەباتەی خۆمان وەردەگرین و گەلی کورد بە ئاواتی خۆی دەگات و سەربەخۆییی خۆمان ڕادەگەیەنین.''
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە: ''ئێمە، وەکو ھێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگەوە ھەست دەکەین خەبات و ماندوبوونمان و قوربانی و ئەنفال و خوێنی شەھیدانی گەلی کورد بەفیڕۆ نەچووە و ئەنجامەکەی ئەوە بوو کورد بەرەو سەربەخۆیی دەچێت و ئاڵای کوردستانیش لە تەنیشت ئاڵای وڵاتانی جیھانەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت.''
لای خۆیشیەوە فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژاوای دیجلە، موقەدەم (ئەحمەد ئاوارە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان ئاواتی ھەموو گەلی کوردە، بۆیە ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کە چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەکات بە ھاوکاریی لایەنەکان کاری خۆی بەجێ گەیاند، کە ئەویش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمە لەمساڵدا، بۆیە ئەو بڕیارەی دوێنێ درا، ھەموو ھێزی پێشمەرگەی دڵخۆش کردووە و ھەست دەکەین، خەباتمان بەفیڕۆ نەچووە و بەرھەمەکەیمان وەرگرت و جگە لەوەش ورەی ھێزی پێشمەرگەی بەرز کردەوە.''
kdp-
