هه‌ڵه‌بجه: لاوان و قوتابییان و ئافره‌تان به په‌رۆشه‌وه ده‌ڕواننه دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم
(بێستوون به‌شاره‌تی) به‌رپرسی ناوه‌ندی باڵای یه‌كێتیی لاوان لە هەڵەبجە، بە ماڵپه‌ڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''له پاش ده‌یان ساڵ خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و شوڕشه یه‌ک لەدوای یه‌کەکانی کوردستان له پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا ڕووباریک خوێنمان داوه، ئه‌وه ئێستا به ڕابه‌رایه‌تیی (سه‌رۆك بارزانی)، گه‌لی كوردستان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌ناگاو ده‌نێت.''
(به‌شاره‌تی) گوتی: ''پێویستە له‌م پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌دا لایه‌نەکان هاوڕا و هاوده‌نگ بن، کێشه‌ی ناوخۆیی و قه‌یران و کەموکورتییه‌کان وەلا بنێن و كاری هاوبه‌ش بكه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان.''
(سه‌رهه‌نگ شه‌مێرانه‌یی) وەک یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە هەڵەبجە بە ماڵپه‌ڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ: ''بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو دەبینین، هه‌ركاتێک یەکڕیزی و تەبایی لە نێو لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هه‌بووه، ھەمیشە ئەنجامێکی مێژوویی لێ کەوتووەتەوە؛ ڕاپەڕین و دامەزراندنی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی كوردستان و هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له كه‌ركووك، نموونه‌ی ته‌بایییه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستانن.''
(شه‌مێرانه‌یی) گوتی: ''ئێمه، قوتابییانی کوردستان، هه‌موو كات ده‌بینه سه‌ری ڕم بۆ سه‌رخستنی ڕێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له پشت سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستانەوە ده‌بین.''
(سندووس حسێن)، به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌ی یه‌كێتیی ئافره‌تان، بۆ ماڵپه‌ڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا: ''وه‌ك ئافره‌تانی كوردستان، چۆن له شۆڕشدا شانبه‌شانی پیاوان خه‌باتمان كرد بۆ ڕزگاریی كوردستان، له‌مڕۆشه‌وه خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ ڕێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و پشتیوانی بڕیاری ڕێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی گه‌له‌كه‌مان ده‌بین.''
(سندووس ده‌ڵێت): ''وه‌ك ئافره‌تان، هه‌میشه پشتیوانی بڕیاره‌كانی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان بووین، خۆشترین ڕۆژ بو من، ئەوە بوو كه حزبه‌كانی كوردستان لەگەڵ سه‌رۆكایه‌تیی كوردستان بڕیاری دیاریكردنی ڕۆژی ڕێفراندۆمیان دا، بۆیه ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌و لایه‌نانه‌شی کە له كۆبوونه‌وه‌كەدا ئاماده نه‌بوون، بێنه ناو پڕۆسه‌كەوە، چونكه سه‌ربه‌خۆییی كوردستان گه‌ڕانه‌وه‌ی عیزه‌ته بۆ تاكی كورد.''
kdp-
