پسپۆڕێکی یاسایی: بە گوێرەی یاسا، عێراق بۆی نییە دەستوەردان لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠دا بکات
(کەریم بەحری)، پسپۆڕی یاسا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە گوێرەی دەستووری عێراق ھەردوو لایەنی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەسەڵاتیان ھەیە بەسەر ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠دا، چونکە ئەوە بە یاسا ڕێکخراوە تا ئەوکاتەی کێشەکە چارە دەکرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق یاسای جێبەجێ نەکرد، کە دەبوو تا ساڵی ٢٠٠٧ ڕیفڕاندۆم لەو ناوچانەدا بکرایە و خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان بڕیاریان لەبارەی چارەنووسی خۆیانەوە بدایە، بەڵام کە عێراق دەستوور و یاسای جێبەجێ نەکرد، ئەو ناوچانە بوونە دیفاکتۆ، ئێستا ھەر بەشێکن لە ھەرێمی کوردستان.''
(کەریم بەحری) دەشڵێت: ''لە کاتی ھاتن و ھێرشەکانی داعش بۆ سەر عێراق و ھەرێمی کوردستان زیاترین ھێرش بۆ ئەو ناوچانە بوون و بەداخەوە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، نەک ئامادەی بەگریکردن لەو ناوچانە نەبوون، بەڵکۆ بوونە ھاندەر و چەک و تفاقی سەربازییان ڕادەستی تیرۆریستانی داعش کرد، بۆ ئەوەی شوێنەکان بگرن، لەبەر ئەوە ئێستا بڕیارێکی دروستە کە لەگەڵ ھەولێر و سلێمانی و دھۆک، ئەوانیش بەشدار دەبن لە ڕیفڕاندۆمدا و دێنە سەر ھەرێمی کوردستان.''
kdp-
