پارتی دیموکراتیی کوردستان - تورکیا: چاوەڕوانین مزگێنیی سەربەخۆیی کوردستانمان پێ بدەن

 پارتی دیموکراتیی کوردستان - تورکیا: چاوەڕوانین مزگێنیی سەربەخۆیی کوردستانمان پێ بدەن
پارتی دیموکراتیی کوردستان - تورکیا ئەوەی ڕاگەیاند کە چاوەڕوان دەکەن گەلی کورد لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدات و مزگێنیی سەربەخۆیی کوردستانیان پێ بدرێت.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە بەبۆنەی دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم دەرکراوە، رۆژهات ئامەدی، گوتەبێژی پارتی دیموکراتیی کوردستان - تورکیا ئاماژەی بەوە داوە: ”ماوەیەکی درێژ بوو کە کورد چاوەڕوانی ئەو بڕیارە بوون و لە کۆبوونەوەی 7ی حوزەیراندا ڕۆژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دیاری کرا. دەرکردنی ئەو بڕیارە پێویستی بە کات هەبوو، هەم لە ناوخۆدا دەبووایە دۆخەکە گونجاو بووایە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پێویست بوو کە دۆست و لۆبییەکی بەهێز دروست بکرایە“.

ئەو پارتە کوردییەی باکووری کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە: ”بەڕێز بارزانی هەم لە ناو پارتە سیاسییەکانی کوردستاندا هەماهەنگییەکی بەهێزی دروست کرد، هەمیشە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا توانی بە دیپلۆماسیەتێکی بەهێز، ئەو مەرجانەی پێویست بوون، بەدی بهێنێت“.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتیی کوردستان - تورکیا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەنگاوی یەکەمی بە دەوڵەتبوونی کوردستانە و مەرجەکانی ناوخۆیی، هەروەها ئەو دۆخەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بابەتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی مسۆگەر کردووە. سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە چارەسەرکردنی پرسی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانەوە.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو: ”لە پرۆژەی نەخشەکێشان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، بناغەی دەوڵەتی کوردی داندراوە و دۆستانی گەلی کوردیش لە ئێستاوە پشتیوانی لەو دەوڵەتە دەکەن. هەنگاوی یەکەم ڕیفراندۆمە، هەنگاوی دووەمیش سەربەخۆیی و دەوڵەتبوونە. هەرچەندە ڕوونە کە تا ڕۆژی 25/9/2017، هەندێک هێز و لایەن بیانەوێت کۆسپ و تەگەرە بخەنە بەردەم ڕیفراندۆم، بەڵام دەوڵەتی کوردستان بەشێکە لە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و قەدەرەکەی نووسراوەتەوە، ئیدی هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو چارەنووسە بەپێی بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت“.

لە کۆتاییشدا ئەوە ڕاگەیاندراوە: ”ئێمە وەک پارتی دیموکراتیی کوردستان -تورکیا، هیوادارین گەلی کورد لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بە ڕێژەیەکی زۆر دەنگ بۆ بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات و لەو ڕۆژە پیرۆزەدا مزگێنیی سەربەخۆبوونی کوردستان بە جیهان بدات“.










باسنيوز
Top