چالاکوانێکی کلدان و ئاشووری و سریان: بڕیاری خۆمان داوە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم

 چالاکوانێکی کلدان و ئاشووری و سریان: بڕیاری خۆمان داوە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم
چالاکوانێکی مەسیحی و سریانی، ئاماژە بەوە دەکات ئەوان کوردستانێکیان دەوێت خەڵکی لە رێگای ڕیفراندۆمەوە چارەنووسی دیاری بکات، نەک حزب و رێکخراو و لایەنێک و دەڵێت: "لە ئێستاوە خەڵکی کلدان و ئاشوور و سریانی بڕیاری خۆیان داوە بە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم".

ئانۆ عەبدۆکە، لەمبارەوە گوتی: "خەڵکی کلدان و مەسیحی و سریان بڕیاری خۆیان داوە بە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم و ئەم پێکهاتانە لەمێژە وەک برا لەم کوردستانە ژیاون و دەشیانەوێت چارەنووسیان لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆ و ئارامدا بێت، ئاخر بۆ ئەوان پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی شتێکی کەم نییە، لە ناوچەکانی دیکەی عێراق فەرمانی کوشتیان دەدرێت و گەرەنتیی ژیانیان نییە و بۆ دەرەوەی وڵات دەچن".

لە درێژەدا گوتیشی "ئێستا هاتبێتە سەر ئەوەی لە خاکی خۆیان بە ئازادانە گوزارشت لە مافەکانیان بکەن زۆر گرنگە، ئەوان نایەوێت چارەنووسیان بدرێتە دەست قەدەرێکی نادیار، بۆیە باوەڕ ناکەم هیچ پێکهاتەیەک بەقەدەر ئێمە بۆ پرسی ڕیفراندۆم بەپەرۆش بێت".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم خاکە خاکی هەموومانە و بەیەکەوە پارێزگاریی ڵێ دەکەین، یەکەم شەهیدی شۆڕشی ئەیلوول کەسێکی شۆڕشگێڕی مەسیحی بووە، ئێستا ئێمە سەدان شەهیدمان لەپێناوی خاکی کوردستاندا داوە، چۆن دەنگ بە ڕیفراندۆم نادەین؟ ئێمە بۆ ژیانێکی ئازاد و پێکەوەژیان دەنگ بە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەدەین و دڵنیاشم سەرجەم خەڵکی کلد و مەسیحی و سریانەکان بەپەرۆشەوە دەڕوانن بۆ ئەوەی لەو ڕۆژە بەشداری لە ڕیفراندۆم بکەن."














باسنیوز
Top