شارەزایانی بواری ئابووری و وزە: کۆمپانیای دیکەش بەدوای ڕۆسنەفتەوە دێنە هەرێم
(د. سەلام جەباری) شارەزای بواری ئابووری لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''گرێبەستی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسیا، كردنەوەی دەرگایەكی نوێیە بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا، هەروەها ڕێگای نوێ دێنە بەكارهێنان بۆ دەرهێنان و ڕەوانەكردنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەكانی جیهان و دەرگایەكی گەورە لەبەردەم هەرێمدا دەكرێتەوە، بۆیە هەنگاوێكی زۆر پیرۆزە و لە جێی خۆیدایە، كە حكوومەتی هەرێم لەم کاتەدا ئەو هەنگاوە بنێت، چونكە هەرێمی كوردستان پێویستی بەوەیە پەیوەندییەكانی فراوانتر بكات.''
(د. سەلام جەباری گوتیشی: ''ئەو گرێبەستانە لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندان، لە ماوەیەكی نیزیكدا ئامانجی ئەو گرێبەستانە بەدەردەكەوێت، چونكە زیادكردنی ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پشتگیری لە حكوومەتی هەرێم بكەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گرێبەستی گەورەی دیكەش واژۆ بکات.''
(د. جیهاد سەلیم)، شارەزای بواری وزە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون کردەوە: ''ئەو هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم ناویەتی، هەنگاوێكی باشە بۆ بووژانەوەی گشتیی كەرتی وزە لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەوەی بتوانین لە دواڕۆژدا هەنگاوی گەورەتر بنێین و ببینە ژمارەیەكی باش لە ئۆپێكدا، هەروەها ئەو گرێبەستە وا دەكات كە سەرنجی كۆمپانیاكانی دیكەش بۆ هەرێم ڕابكێشن و گرێبەست لەگەڵ هەرێم بكەن، تەنانەت ڕێ بۆ وەبەرهێنەرانیش دەكاتەوە و ئەو باوەڕمەندییە بۆ هەرێم دەگەڕێنێتەوە، كە بە هاتنی داعش و قەیرانی دارایی لە دەستمان دا و ژمارەیەك كۆمپانیا گەڕانەوە، هەروەها هەر وڵاتێك كۆمپانیاكانی لە هەرێم بن، لەبەر كۆمپانیاكانی خۆی پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان دەكات و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەپارێزێت، ئەوەش وا دەكات كە كۆمپانیاكانی دیكەش، نەك تەنیا لە بواری نەوتدا، بەڵكو لە هەموو بوارێكدا ڕوو لە هەرێم بكەن و ژمارەیان زیاتر دەبێت و دەتوانن دووبارە باوەڕمەندی بە دەست بهێننەوە.''
kdp-
