"کورد لە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناویندا ژمارەیەکە و رۆڵ و پێگەی دیار دەبێ"
(کارۆخ خۆشناو)، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕێککەوتنی چوار وڵاتی کەنداو لەگەڵ میسر دژی وڵاتی قەتەر کاردانەوەیەکە دژی قەتەر لەبەرامبەر پشتگیریی قەتەر لە ژمارەیەک ڕێکخراوی ئیسلامی، وەک ئیخوانموسلمین و کۆمەڵێک سەرکردەی ئەو ئەو ڕێکخراوەیەش لەلایەن قەتەرەوە داڵدە دراون و ئێستا لەو وڵاتەدا دەژین، ھەروەھا دەستی ھەیە لەپشت ئەو گرووپانەوە کە ئێستا لە سووریان، پەیوەندیی دیپلۆماسیشی لەگەل ئێران باشە و دەیەوێت ھاوسەنگییەک لە نێوان وڵاتانی شیعەمەزھەب و سوننەمەزھەبدا ڕابگرێت، جگە لەوەش بارەگای کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی لێیە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کار لەسەر ئەو وڵاتە عەرەبیانە دەکات، ئەمانە ھەمووی ھۆکارن بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو بگەنە ئەو بڕیارە لەبارەی قەتەرەوە.''
ئەو شارەزایەی پەیوەندیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''گۆڕانکاری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی پێ کردووە و ئیدارەی نوێی (ترامپ)، دەیانەوێت شوێندەستیان لە ناوچەکەدا دیار بێت، بەڵام ئێستا ئامانجە سەرەکییەکەی ئەمەریکا زیاتر لەناوبردنی داعشە و ئەمەریکا دوای کۆتاییھاتنی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش، میراتی دوای شەڕەکە دابەش دەکات لە عێراق و سووریا، زیاتر جەخت لەسەر پشتگیریی وڵاتانی سوننە دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی ھەژموونیی ئێران لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئێران بەسەر وڵاتانی عێراق و سووریا و یەمەندا کاریگەریی هەیە.''
دەربارەی چارەنووسی ھەرێمی کوردستان لە نێو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا (خۆشناو) گوتی: ''کورد بە شێوەیەکی گشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ڕۆڵی سەرەکیی لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ھەبووە و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کورد بە ھاوپەیمانی خۆی دەزانێت، بێگومان ئەو ھاوکاری و قارەمانەتییەی ھێزی پێشمەرگەی لەبەرچاوە، کە چۆن لە سێ ساڵی ڕابردوودا توانی داعش بشکێنێت و بە نوێنەرایەتیی جیھان بەرەنگاری دڕەندەترین تیرۆریست ببێتەوە، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێن، کوردیش ژمارەیەکە و ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی دەبێت.''
kdp-
