لایەنە سیاسییەکان: بە کۆبوونەوەی دابێ بۆ ڕیفراندۆم گەشبینن

 	 لایەنە سیاسییەکان: بە کۆبوونەوەی دابێ بۆ ڕیفراندۆم گەشبینن
حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گەشبینیی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە کۆبوونەوەی دابێ، کە بڕیار وایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا کۆببێتەوە و داوایشیانە کە ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە هەنگاوێکی گرینگ لە بڕیاری سیاسی کوردستاندا.


(سەعد خالد)، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کوردستان لە لێواری بڕیاری گرینگ و چارەنووسسازدایە، دەبێ سەرجەم حزبەکان ئەوە بزانن کە کاتکوشتن لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و دەبێ دەست لە دەست بکرێت بۆ ئەوەی کوردستان لەم قۆناغە تێپەرێنرێت، لە هەموویشی گرینگنتر ئەوەیە، کە دەبێ ڕۆژێک بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم دیاری بکرێت، چونکە ناکرێ بەدیار کاتەوە ڕاوەستین، ناشکرێ ئەم پرسە دوا بخەین، بۆیە گرینگە دوابڕیاری خۆمان لەو بارەیەوە بدەین. دەبێ سەرجەم حزبەکان بەبێ جیاوازی بێنە پێشەوە و واز لە گرفتی سیاسی بێنن، چونکە ڕیفراندۆم پەیوەست نییە بە هیچ حزبێکەوە، ئەمە مافێکی گەلی کوردستانە و چارەنووسی هەمو خەڵکی کوردستانە و دەبێ پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.''

(سەعد خالد) گوتیشی: ''ئەمەی کراوە یەکەم سەرەتایە بۆ قۆناغی دواتر، کە بریتییە لە دیاریکردنی لیژنەی ڕیفراندۆم و ئاگادارکردنەوەی بەغدا لەو بارەیەوە.''

هاوکات (رەهبەر سەید برایم)، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم مافی هەموو خەڵکی کوردستانە و چارەنووسی هەموو خەڵکی کوردستان دیاری دەکات، بۆیە گرینگە سەرجەم هێزە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بن و پێکەوە بریاری سیاسی لەو بارەیەوە بدەن، بەتایبەت لەم دۆخەی ئێستای کوردستاندا، کە هەموومان چاومان لەوەیە بڕیاری گرینگ لەبارەی داهاتووی کوردستانەوە بدرێت، ئێستاش نەچووە و دەکرێ و لە کۆبوونەوەی داهاتووی حزبەکاندا سەرجەم هێزە سیاسییەکان هەڵوێستی خۆیان بکەنەوە بە یەک و لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بن و بۆ ئەوەی بڕیاری مێژووی لەبارەی ئایندەی کوردستانەوە بدرێت.''

(رەهبەر سەید برایم) گوتیشی: ''هیوادارین ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن و حزبەکان بتوانن لە ڕێی مێزی گفتوگۆوە گرفتەکانیان چارە بکەن، کۆبوونەوەی (بارزانی) و لایەنە سیاسییەکانیش گرینگیی خۆی هەبووە و دەبێ بەردەوام بێت.''

هاوکات (زیرەک کەمال)، ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەر هەوڵێک لەبارەی ڕیفراندۆمەوە بدرێت، پشتیوانیی لێ دەکەین، چونکە چارەنووسی گەلی کوردستانی پێوە بەستراوە، گەلی کوردستان سەدان ساڵە خەباتی کردووە و خوێنی ڕشتووە بۆ ئەوەی بگاتە ئاواتی خۆی، ئیستاش کە دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە، گرینگە حزبە سیاسییەکان پێکەوە دابنیشن و بڕیاری خۆیان بدەن، چونکە بابەتی ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە و سیاسی نییە، وەک ئەوەی بیری لێ دەکرێتەوە و ناشکرێت بە نەفەسی حزبی لەو پرسە بنواردرێت.''
(زیرەک کەمال) ئەوەشی خستەڕوو: ''دەبێ حزبەکان بێنە پێشەوە و لەو گرفتە سیاسییانە دەرباز ببەن، کە ئێستا لە کوردستاندا هەن، چونکە بە یەکگرتوویی و یەکدەنگیی هەموو لایەک قازانج دەکەن.''

هاوکات، (ئەحمەد وەرتی)، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''گفتوگۆیەکی سەرەتایی ھەیە بۆ ئەوەی ھەرسێ حزبی ئیسلامیی کوردستان پێکەوە بڕیار بدەن، بەڵام نەگەیشتونەتە بڕیاری کۆتایی، بۆیە گرینگە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا سەرجەم حزبەکان بەشدار بن و پێمان وایە پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە و دەبێ گەلی کوردستان لەو ڕێیەوە بڕیاری خۆی بدات و، دەبێ دەرفەت لە دەست نەدەین.''
kdp-
Top