حەیدەری: لە ئایندەیەکی نیزیکدا کاریگەری ڕێککەوتنی ھەرێم و ڕۆسنەفت دەردەکەوێ

حەیدەری: لە ئایندەیەکی نیزیکدا کاریگەری ڕێککەوتنی ھەرێم و ڕۆسنەفت دەردەکەوێ
(شێروان حەیدەری) وەزیری پێشووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ھەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی کردووە بۆ بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان.. دەشڵێ، ئەوە چەندین ساڵە عێراق نەوت دەفرۆشێت، ھیچ کات وەک ئەوەی ئێستا لە نێوان ھەرێم و ڕووسیادا ڕووی دا، دەنگی نەداوەتەوە، ئەوەش نیشانەی سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستانە لە کەرتی نەوتدا.

(شێروان حەیدەری)، وەزیری پێشووی داد و شارەزای یاسایی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''گرێبەستی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی لە جێی خۆیەتی و ھەرێمی کوردستان مافی دەستووری و یاسایی خۆی ھەیە بۆ ڕێککەوتن و گرێبەست لە کەرتی نەوتدا و کەسیش ناتوانێ ڕێگریی لێ بکات، چونکە بە گوێرەی ماددەی ١١٢ی دەستووری عێراق، برگەی دوو، ئەو دەسەڵاتەی داوەتە ھەرێمی کوردستان کار لەسەر بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتی خۆی بکات، ئەمە لە کاتێکدایە ھێشتا عێراق یاسای نەوت و گازی تایبەت بە خۆی نییە و کار بە یاسا کۆنەکەی سەردەمی بەعس دەکات، بەڵام ھەرێمی کوردستان یاسای نەوت و گازی خۆی ھەیە و بە پێی یاساکە دەتوانێت سیاسەتی نەوتیی خۆی بەڕێوە ببات.''

وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ''بە بۆچوونی من ھەرێمی کوردستان سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە، لەوەی کە توانی گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ڕووسییەدا بکات و من پێم وایە لە ئایندەیەکی نیزیکدا کاریگەرییەکانی ئەنجامی ڕێکەوتنەکە دەردەکەوێت، لەوەیدا کە ھەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەوپێش ھەنگاو دەنێت، چونکە کۆمپانیای ڕۆسنەفت پشکی حکوومەتی ڕووسیای تێدایە و لە جیھاندا سەنگی خۆی ھەیە و دەوڵەتێکی زلھێز لەپشت ئەو کۆمپانیایەوە دەبێت.''

(شێروان حەیدەری) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەوانەی دەشڵێن حکوومەتی عێراق ناڕازییە، یان ھەندێ پەرلەمانتاری کورد داوایان لە پەرلەمانی عێراق کردووە لێپرسینەوە بکات، ئەوە ھیچ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی نییە، ئەسڵەن پەرلەمانی عێراق ھیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا ناشکێت، ئەوە ھەمووی سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستانە، کە بتوانێت لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگە جیھانییەکان ڕێک بکەوێت بۆ فرۆشتن و بەرھەمھێنانی نەوت، ئەوە چەندین ساڵە عێراق نەوت دەفرۆشێت، ھیچ کات وەک ئەوەی ئێستا لە نێوان ھەرێم و ڕووسیادا ڕووی دا، دەنگی نەداوەتەوە، ئەوەش نیشانەی سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستانە لە کەرتی نەوتدا.''

kdp-
Top