د. مەدحەت سلێمان: پەکەکە و حەشدی شەعبی دەیانەوێ ناحیەی ڕەبیعە داگیر بکەن

 	 د. مەدحەت سلێمان: پەکەکە و حەشدی شەعبی دەیانەوێ ناحیەی ڕەبیعە داگیر بکەن
ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، پیلانێکی مەترسیدار بەڕێوەیە و پەکەکە و حەشدی شەعبی دەیانەوێ ھێرش بکەنە سەر ناحیەی ڕەبیعە و، شنگال لە ھەرێمی کوردستان داببڕن و دەشڵێت، پیلانەکە بە سەرپەرشتیی (مالیکی) بەڕێوە دەچێت و پەکەکەش ھاوکارە بۆ ئەوەی لە دیوی ڕۆژئاواوە ھێرش بکاتە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنوونێ و خانەسۆر.

دکتۆر (مەدحەت سلێمان)، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پیلانێکی مەترسیدار بۆ سەر ناوچەی شنگال بەڕێوەیە و حەشدی شەعبی و پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لەژێر سەرکردایەتیی (نووری مالیکی) و دەوڵەتێکی ئیقلیمیدا یەکیان گرتووە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکە، کە بەداخەوە لایەنێکی کوردی وەک پەکەکە دەستی لەگەڵ حەشدی شەعبی تێکەڵ کردووە و بەشێک لە خاکی شنگالی ڕادەستی حەشدی شەعبی کردووە، تا بگەنە نێو سنوری سووریا و دەربازی ئێران بن، ھاوکاریی پەکەکە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دژی کورد لە کاتێکدایە، کە پەکەکە بە ھیچ شێوەیەک بیری لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و کوردستانی نەکردووتەوە و بەردەوام ھاوکارە بۆ ڕاکێشانی ھێلی شیعە لە ناوچەکەدا.''

ئەو ڕاوێژکارەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: ''من زانیاری و گومانم لە پەکەکە ھەیە، کە لە پشتی سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە و لە نێو خاکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو شنگال ھێرش بکاتە سەر پێشمەرگە و و لەو لاشەوە چەکدارانی حەشدی شەعبی ھێرش بکەن، لەبەر ئەوە پێویستە و داوا لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەم، ھێزی زیاتری پێشمەرگە ڕەوانەی ناوچەکە بکرێت و ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرش و پیلانێک بکرێت.''

دکتۆر (مەدحەت سلێمان) گۆتیشی: ''حەشدی شەعبی بەئاشکرا دەیەوێ ناحیەی ڕەبیعە داگیر بکات و ناوچەکە ھەمووی بکات بە شیعەمەزھەب، وەک ئەوەی لە ڕۆمادی کردی و ٦٠%ی وێران کردووە، لە مووسڵ ھەمان پیلانی ڕۆمادی بەڕێوە دەچێت و لە شنگالیش دەیانەوێ بە ھاوکاریی پەکەکە ڕەبیعە داگیر بکەن و بە داگیرکردنی ڕەبیعەش، شنگال لە ھەرێمی کوردستان دادەبڕێت، ئەوکات ھەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت و شنگالییەکان خۆیشیان دەبێ فاتیحە لەسەر شنگال بخوێنن، حەشدی شەعبی ناوچەکەیان وێران دەکات و چارەنووسی ٣٠٠ ھەزار ئاوارەش دەکەوێتە مەترسییەوە.''

kdp-
Top