کاکە حەمە: ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی درا؛ گەل چارەنووسی خۆی دیاری دەکات
(محەمەدی حاجی مەحموود)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، کە (بارزانی) سەرپەشتیی دەکرد، تەوەرەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پرسی دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ڕیفراندۆم و بڕیار درا ٢٥ی ٩ی ئەمساڵ، یەکەم ڕۆژی ڕیفراندۆم بێت. سەرجەم لایەنەکان بەمە ڕازی بوون و بڕیار درا، شاندێک یان کۆمیتەیەک دروست بکرێت، ئەم کۆمیتەیە سەردانی بەغدا دەکات و لەوێ بە ڕاشکاوی لەو بارەیەوە لەگەڵ بەغدا قسە دەکات، شاندێکیش بۆ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ دەنێردرێت، شاندێکیش بۆ دەرەوەی وڵات، کە ئەم شاندە بەشێکی ٧ کەسی دەبێت و بەشێکیشی ٩ کەسی دەبێت و، لەسەر ئاستێکی باڵاش دەبێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆکان فراوان بکرێن. بە خۆشحاڵییەوە سەرجەم حزبەکان لەگەڵ ئەوەبوون، کە دەبێ ڕیفراندۆم بکرێت و پەلە بکرێت بۆ ئەوەی نوێنەری حزبەکان لە ڕیفراندۆمدا دیاری بکرێن.''
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لێژنەیەک پێک دەهێنرێت بۆ ئەوەی سەردانی ئەو حزبانە بکەن، کە بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردبوو، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداری بکەن.''
(محەمەدی حاجی مەحموود) گوتیشی: ''هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، هەموومان بڕیامان دا، کە بگەڕێینەوە بۆ ڕای گەلی کوردستان و خەڵکی کوردستان و ئەوان چ بڕیارێک بدەن، دەبێ ڕێزیان لێ بگیرێت، بۆیە چاوەڕوانین لە کاتی خۆیدا گەلی کوردستان بڕیاری خۆی بدات و ئەوەش ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانمان دەکرد.''
kdp-
