حکوومەتی هیندستان بۆ کورد: ئێوە بوون داعشتان تێکشکاند
بەپێی راگەیەندراوێک، رۆژی چوارشەممە 7.6.2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەممار سینھا، جێگری وەزیری دەرەوەی ھیندستان، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، کۆ بووەتەوە.
مەسرور بارزانی و ئەممار سینها تیشکیان خستووەتە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و سەبایەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تاوتوێی چۆنێتیی بەهێزترکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی هەولێر و نیودەلهییان کردووە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی هیندستان باسی شەڕی دژی تیرۆریان کردووە و ئەممار سینها وێڕای پیرۆزباییکردنی بەبۆنەی سەرکەوتنەکان لە پێشمەرگە و گەلی کوردستان، رایگەیاندووە، "لە راستیدا ئێوە بوون لەسەر زەوی نەک ھەر پێشڕەوییەکانی داعشتان وەستاند، بەڵکو پاشەکشەتان پێکرد و تێکتان شکاند".
شاندەکەی هیندستان باسیان لەوەش کردووە، کە وڵاتەکەیان گرنگیی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدا و نموونەی ئەو گرنگیپێدانەشیان بە "بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماتی"ی هیندستان لە ھەرێمی کوردستان هێناوەتەوە.
مەسرور بارزانی و ئەممار سینها هەروەها تاوتوێی رەوشی عێراقی دوای داعش و ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی بیری توندڕەویی و "پێویستی بەڕێوەبردنی ھەڵمەتێکی فرەلایەن بۆ لەڕەگەوە چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و ھۆکارەکان"یان کردووە.
باسنیوز
