بزووتنەوە: دەبووایە کۆمەڵ خۆی لە حزبە ئیسلامییەکان جیا نەکردبایەوە
ئەحمەد وەرتی، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، رایگەیاند: "پێم باش بوو کۆمەڵ و بزووتەوەی گۆڕان، بەشداری کۆبوونەوەی بارزانی و لایەنەکانیان بکردبوایە، بەڵام دەبوو دەرفەتێکی سیاسیش بڕەخسێنرایە بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداریان بکردبوایە، واتا پێشووتر لینکی پەیوەندی ھەبوایە، ھەوڵیان لەگەڵدا بدرابایە بەشداری بکەن، ئەگەرچی نەیان کردووە، کۆتایی دونیا نییە و دەکرێت داوایان لێبکرێت یان رازی بکرێن، کە لە کۆبوونەوەی داھاتوو بەشداری بکەن".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی بزووتنەوە، ئەوەشی روون کردەوە: "گفتوگۆیەکی سەرەتایی ھەیە بۆ ئەوەی ھەرسێ حزبی ئیسلامیی کوردستان پێکەوە بڕیار بدەن، بەڵام نەگەیشتونەتە بڕیاری کۆتایی، لەو بارەوە لەکاتێکدا دەکرا کۆمەڵ خۆی لە حزبەکانی دیکەی ئیسلامی جیا نەکردبایەتەوە، پێکەوە گفتوگۆیەکیان بکردبایە دواتر بڕیاریان دابوایە".
بڕیارە دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ چوارشەممە ٧/٦/٢٠١٧ بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، کۆبوونەوەیەک لەبارەی ڕیفراندۆم بەڕێوە بچێت و تێیدا پارتی دیموکراتیی کوردستان دەستپێشخەرییەک ڕادەگەیەنێت، ھەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ڕایانگەیاند کە بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا ناکەن.
باسنیوز
