ھیندستان ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان دەکات
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7/5/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەممار شینا، جێگری وەزیری دەرەوەی ھندستان بۆ کاروباری ئابووری و شاندێکی یاوەری کە لە باڵیۆزی ھیندستان لە بەغدا و کونسوڵی ھیندستان لە ھەرێمی کوردستان پێکھاتبوو، کۆبوویەوە.
لە دیدارەکەدا ئەممار شینا، خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی، سوپاسی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو مامەڵە باشەی لەگەڵ کاسبکار و کرێکارە ھیندییەکان ھەیانە کە ساڵانێکە لە ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا کار دەکەن و ھەموو ھاوکاری و ئاسانکارییەکیان پێشکەش کراوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نەبەردی و چاونەترسیی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاورە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییی ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.
ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ئامادەن کەرتی تایبەتی وڵاتەکەیان ھان بدەن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن و خولی مەشق و ڕاھێنان لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ کادیر و کارمەندانی حکوومەتی ھەرێمی کورستان بکەنەوە.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینییە بەنرخەکانی کرد و ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھیندستان دەربڕی، بەتایبەت لە بواری کردنەوەی خولی مەشق و ڕاھێنان بۆ کادیر و کارمەندانی حکوومەتی ھەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا و سوودوەرگرتن لە پسپۆڕییەکانیان.
پوختەیەکیشی دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە و ڕەوشی ناوچەکە و ئەو کێشانەی ڕوویان لە ناوچەکە کردووە خستەڕوو، ئەمە جیا لە باسکردنی پڕۆسەی سیاسی لە ناوچەکەدا بەگشتی، ھەروەھا ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا سەبارەت بە چەند بابەتێکی پەیوەست بە بارودۆخی ناوچەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
باسنيوز
