عوسمان ئۆجەلان: خوازیارین بارزانی ڕێگەچارەیەک بۆ دۆخی کوردانی پارچەکانی دیکە بدۆزێتەوە

 عوسمان ئۆجەلان: خوازیارین بارزانی ڕێگەچارەیەک بۆ دۆخی کوردانی پارچەکانی دیکە بدۆزێتەوە
برای ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئاماژە بەوە دەدات کە رەنگە ڕیفراندۆمی کوردستان، ھاوکێشەکان بگۆڕێت. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە چاوەڕوانن سەرۆک بارزانی ڕێگەچارەیەک بۆ دۆخی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بدۆزێتەوە.

عوسمان ئۆجەلان، برای عەبدولڵا ئۆجەلانی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، رایگەیاند: "بارزانی خۆی باش لەکاتی ڕیفراندۆم گەیشتووە، ئێستا تەواو ھاوکێشەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە باشووری کوردستان بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات، ئەوەش ھەست دەکرێت کە لە باکووری کوردستان، دەرەوەی ئیرادەی حزبەکان پشتیوانی ڕیفراندۆم و ھەنگاوەکانی بارزانی فراوان بووە، گەنجان خۆبەخشانە دروشم بۆ پشتیوانی ریفراندۆم دەڵێنەوە، رەنگە ئەم ھەنگاوە گۆڕانکاری لە باکووری کوردستانیش بکات، چونکە ئەمە رێگایەکی ئاشتیانەیە بۆ بەدەستھێنانی مافی گەلان و رەنگە لە داھاتوو ئەم پرسە ببنە بنەما بۆ باکووری کوردستانیش".

عوسمان ئۆجەلان، ئەوەشی خستەڕوو: " ھەرچەندە لە باشووری کوردستان ھەندێک رێگری دەبینرێت، بەڵام دەبێت حزبەکان ھۆشیار بن لەوەی ئەوەی ھاتوەتە پێشەوە، لەدەستی نەدەن، دەبێت ھەرچی کراوە ئەم ساڵ ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە".

ئەوەشی روون کردەوە: "دەرکەوت کە شێوەی سەرکەوتنی گەلی کوردستان بەرێگای ئاشتییانە دەبێت، ئەوەی ئێستاش لە باشووری کوردستان کراوە سەرکەوتووترین رێگایە بۆ ئەوەی بتوانێت لەو رێگایەوە مافەکان بەدەست بھێنرێت، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا گرنگە دەست بکرێت بە چالاکی جۆراو جۆر بۆ ئەوەی ھەڵمەتی ریفراواندۆم فراوان بکرێت".

برای رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئاماژەی بەوەش دا چۆن بارزانی باشترین رێگای بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەل کوردستان دۆزیوەتەوە: "دەبێت ئاواش رێگایەک بۆ بەشەکانی دیکە کوردستان بدۆزێتەوە".














باسنیوز
Top