سەرکردەیەکی زەحمەتکێشان: بڕیاری گرنگ لەبارەی ڕیفراندۆمەوە دەدرێت
سەعد خالید، لەمبارەوە گوتی: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ گرنگ دەبێت و تێیدا بڕیاری گرنگ دەدرێت، بەتایەبت لەسەر پرسی ریفراندۆم و دەبێ دەستوبرد بکرێت لەو پرسەدا، چونکە کات لە بەرژەوەندیی کورددا نییە و ناکرێت کاتەکە درێژ بکەینەوە، تا زوو بڕیار بدەین درەنگە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەندێک بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێت، چونکە کات بۆ کورد درەنگە".
ئەو سەرکردەیەی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتیشی: "دەبوو گۆڕان و کۆمەڵ بەشدارییان لەو کۆبوونەوە بکردبایە، چونکە پرسێکی حزبی نییە پرسێکی حکوومی نییە و ئەمە پرسێکی چارەنووسسازە و دەبێت حزبەکان بڕیاری لەبارەوە بدەن، بەداخەوە کە نەهاتوون مێژوو قسەی خۆی دەکات، بەڵام دەبوو بەشدارییان بکردبایە".
ئەوەشی خستەڕوو، "با بهاتنایە کۆبوونەوە لەوێ رەخنەیان بگرتایە و قسەی خۆیان بکردبایە، چی دەبێت با لەوێ ببووایەتە سەکۆی رەخنە، گرنگ ئەوە بوو لە بڕیارەکان و هاوکێشەکان بەشدارییان بکردبایە".
باسنیوز
