فازڵ بەشارەتی بۆ گۆڕان و کۆمەڵ: ئێوە لەلایەك داوای دەستپێشخەری دەکەن و لەلایەكیش و بەشداریی کۆبوونەوە ناکەن
فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی لقی ١٢ـی ئەو حزبە ڕاگەیاند، گۆڕان و کۆمەڵ ھیچ هۆکارێکی یاساییان نییە بۆ بایکۆتکردنی کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
فازڵ بەشارەتی ئاماژەی بەوە دا، ئەو دوو حزبە بەردەوام داوای دەستپێشخەرییان لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە و پێیانوابووە "مەسعود بارزانی نە دەستپێشخەری دەکات و نە دەیەوێت بیکات" و ئێستاش کە بارزانی دەستپێشخەریی کردووە، ئەوان وەڵامی ئەرێنیی دەستپێشخەرییەکە نادەنەوە، "گۆڕان و کۆمەڵ بەڵێنییان بە نەیارانی کورد داوە، دژایەتی خواستەکانی گەلی کورد بکەن و بەشداریی ھیچ کۆبوونەوەیەک لەسەر پرسە نەتەوییەکان نەکەن".
بە گوتەی فازڵ بەشارەتی، ھەر لایەنێک بایکۆتی ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە بکات، "دژایەتیی خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەکات و پێویستە ھاووڵاتییان لە ئاستی ئەو حزبانەی بە میزاجی خۆیان لەگەڵ ئیرادەی میللەت مامەڵە دەکەن، ھەڵوێست وەربگرن"، چونکە گۆڕان و کۆمەڵ دژایەتی خاڵێک دەکەن، کە پەیوەندی بە چارەنووسی ئەوانەوە ھەیە.
بەشارەتی هەروەها رایگەیاند، کە ئەو دوو حزبە "درووسمی بێ ناوەڕۆک"یان هەڵگرتووە و خۆیان کردووە بە خاوەنی خەڵکی رەشوڕووت، لە کاتێکدا بە هانای هیچ ماڵە شەهید و هەژارێکەوە نەچوون.
باسنیوز
