بەلجیکا: لە دوای شەڕی داعشیش لە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
ئەمڕۆ سێشەممە، کریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت لەگەڵ ستیڤن ڤاندەپوت، وەزیری بەرگری بەلجیکا کۆبوویەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 6/6/2017 لە میانەی سەردانی کریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، بۆ بەلجیکا و بە یاوەری دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆنفڕانسی تایبەت لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە قۆناغی دوای داعش، لەگەڵ ستیڤن ڤاندەپوت، وەزیری بەرگری بەلجیکا کۆبووە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکە، ستیڤن ڤاندەپوت، رای گەیاند کە خۆشاڵە کە لە بڕۆکسل جارێکی تر بۆ باسکردنی ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوانیان کۆدەبنەوە.
ھەروەھا باسی لە ھاوکاری و پاڵپشتی حکوومەتی بەلجیکا بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە، چارەسەرکردنی بریندارەکان، مەشق و ڕاھھێنان کرد، رایگەیاند کە لەدوای شەڕی داعشیش بەردەوام دەبن لە ھاوکارییەکانیان، ھەوڵی جیدی دەدەن بۆ زیادکردنی ھاوکارییەکان بە تایبەتی لەڕووی چارەسەرکردنی بریندارانی پێشمەرگە.
لە بەرامبەردا، کریم سنجاری، بەناوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانین خۆیان بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی سەربازی وڵاتی بەلجیکا بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بواری دروستکردنی تواناکان و دابین کردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان کە چارەسەریان لە ھەرێمی کوردستان نییە، دەربڕی.
سنجاری، پوختەیەکی سەبارەت بە پێداویستییەکان، پرسی راھێنان و مەشق پێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و بریندارەکان خستەڕوو، داوای کرد کە بەردەوام بن لە ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی بتوانن بە پێشوەیەکی پێشکەوتوو ئاسایش و بەرگری لە ھەرێمی کوردستان لە ئایندە بکەن.
ھەروەھا پوختەیەکی سەبارەت بەدوا پەرەسەندنەکانی بەرەکانی شەڕی دژ داعش و قۆناغی داوی داعش باس کرد، داوای کرد کە لە دوای شکاندنی داعش لە رووی سەبازی ئەوا پاڵپشتی و ھاوکاری نێودەوڵەتی پێویستە بۆ نەھێشتنی ئایدۆلۆژی داعش و توندڕەوی بەگشتی.
لە کۆتاییدا، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر بەردەوامی گفتوگۆ و ھەماھەنگی و ھاوکاری لە شەڕی دژی داعش و قۆناغەکانی دوای داعش، بۆ نەھیشتنی بیڕو ڕای توندوتیژی و ئایدۆلۆژیای توندڕەوی بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی بۆ ھەموو پێکھاتەکان لە عێراق.
bas news-
